سەرۆک ئەرکانی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەرکار دەبێت

مه‌راسیمی ئاڵوگۆڕی پۆستی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی وەزارەتی پێشمەرگە به‌ڕێوه‌چوو.

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

ئه‌مڕۆ ١٣ حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، به‌ئاماده‌بوونی شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌ت و د. نه‌جات عه‌لی، فه‌رمانده‌ی فەرماندەیی یەکەکانی ٨٠ و شێخ سیهاد بارزانی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌ك و لیوا روكن مه‌ریوان محمد ئه‌مین فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانی دوو، لیوا تاریق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌رێم، لیوا روكن حەماده‌ فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنوور له‌هه‌رێم و ئه‌فسه‌رانی پله‌ باڵای وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، مه‌ڕاسیمی ئاڵوگۆڕی پۆستی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ رێوڕەسمەکەدا، کە فەریق روکن عیسا عەزیز لە جێگای فه‌ریقی یه‌كه‌م جه‌مال محه‌مه‌د دەست به‌كاربوو، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وتەیەکی پێشكه‌ش كرد، تێیدا گۆڕانكاریەکانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی، وه‌ك بنەمایەکی گرنگی چاکسازی سه‌ربازی پێناسە کرد، هه‌روه‌ها سوپاسی رۆڵی فه‌ریقی یه‌كه‌م جه‌مال محه‌مه‌د و فه‌ریقی یه‌كه‌م جه‌بار یاوه‌ری کرد، کە ماوەیەکە له‌ پۆستەکانیاندا خزمەتی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە، دڵسۆزانە و لەخۆ بوردووانە كاره‌كانیان رایی کردووە.
هەر لە وتەکەیدا، وه‌زیری پێشمەرگە بەخێرهاتنی فه‌ریق روكن عیسا عەزیزی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا، ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ پشتگیری و پشتیوانی کردنی سەرۆکی ئەرکانی نوێ، داوای له‌ هه‌موو فه‌رمانده‌كانیش كرد، كه‌ پشتگیری و هاوكاری ته‌واوی هه‌ردوو پۆستی نوێی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركان و ئه‌مینداریه‌تی گشتی بن.
دواتر، مه‌رسومی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن لیوا روكن هۆشمه‌ند حه‌یده‌ر ره‌شید جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركان بۆ ئیداره‌ و میره‌ خوێندرایه‌وه‌.
پاشان، هه‌ر یه‌ك له‌ فه‌ریقی یەکەم جه‌مال محه‌مه‌د و فه‌ریق عیسا عه‌زیز له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، وتاریان پێشكه‌ش كرد، تێیدا ئاماژه‌یان به‌ گرنگی گۆڕانكاری له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دا، گۆڕانکارییان، وەک نوێكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ سه‌ربازییه‌كان و پره‌نسیپی سه‌ربازی بۆ به‌هێزكردنی توانا سه‌ربازییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێناسە کرد.
له‌ كۆتاییدا، هه‌ردوو به‌ڕێزان وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، دیارییان پێشكه‌شی فه‌ریقی یه‌كه‌م جه‌مال محه‌مه‌د كرد، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ خزمه‌ت و ماندوبوونه‌كانی، كه‌ له‌ رابردوودا پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌.

ھەواڵی زیاتر