هەولێر.. 92 بەنزینخانە سزا دران

ئەموێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى (92) بەنزینخانە سزادراون

پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و له‌به‌رامبه‌ر دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین، لەمانگى ڕابردوودا (42) بەنزینخانە و لەسەرەتاى ئەو مانگەشدا تاوەکو ئەمڕۆ (50) بەنزینخانە لەهەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

ئاماژەی بەوەشدا کە هاوڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان، دڵنیا دەکەینەوە تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ دەفرۆشنە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن، داواش لەهاووڵاتیان دەکەین لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالێتیەکەى لەزووترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە. هەروەها ئاگادارى خاوەن بەنزینخانەکان دەکەینەوە، لەمەودوا هەفتانە ناو و شوێنى ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە کە سزادەدرێن.

ڕاگەیاندنى پارێزگاى هەولێر
2022.6.9

ھەواڵی زیاتر