ئەمڕۆ شەممە 4ی حوزەیرانی 2022 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارینا سێرێنی جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنکیی نێودەوڵەتی ئیتالیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ماوریتزۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق ئامادەی بوو ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرا.
جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی ئیتالیا، باسی لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان دەربڕی. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێیی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئیتالیا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە دەرفەتێکدا کە گونجاو بێت بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئیتالیای کرد بۆ هێزی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ فراوانکردنی هەماهەنگیی و هاریکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیتالیا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.