رێکخراوێکی هۆڵەندی 15 پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٦/١ کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی ستافێکی باڵای وەزارەت، پێشوازیکرد لە (رۆبێرت بۆنشخانسکر )نوێنەری رێکخراوی (ZOA)ی هۆڵەندی لەهەوڵێر، بۆ مەبەستی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.

ئامانجی دیدارەکە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەنجامدانی (١٥) پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان لە کۆی (٥٠) پڕۆژە، کە لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەکان لە سەرشێوازی بچوک و گەورە جێبەجێ دەکرێت.

کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژەی بە پشتیوانی وەزارەتکرد بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتی ڕاسپارد بۆ ئەوەی هاوکار و پاڵپشتی کۆمپانیای ناوبراو بکرێت لە چوارچێوەی یاساو رێنماییە بەرکارەکانی وەزارەت.

جێی باسە پڕۆژەکان لە چەند بوارێک خۆی دەبینێتەوە، وەکو بواری هاندانی جوتیاران بۆ چۆنیەتی داچاندن بەشێوازی سەردەمیانە و بەڕێوەبەری لە شێوازی کشتوکاڵ کردن و ئاودێری و چۆنیەتی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان دوای پێگەیشتن.

شیاوی باسکردنە رێکخراوەکە بە بریکاری وەزارەتیان راگەیاند ئەوان دوای ئەوەی جوتیارەکان لەو پڕۆژە کشتوکاڵیانە بەرهەمەکانیان پێدەگات هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەمەبەستی ناساندن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێم بت بازاڕە جیهانیەکان.

ھەواڵی زیاتر