كۆمپانيا هه‌نگارييه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بازاڕه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان

رۆژى 29/5/2022 ئيبراهيم محه‌ممه‌د كانه‌بى جێگرى سه‌رۆكى ژوور به‌ ئاماده‌بوونى فيدائه‌ددين محه‌ممه‌د ئه‌مين و عه‌بدولكه‌ريم مسته‌فا ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕى ژوور پێشوازييان كرد له‌ شاندێكى كونسوڵخانه‌ى هه‌نگاريا كه‌ پێك هاتبوون له‌ ئه‌تێلا توت كونسوڵى گشتى و ميكلۆش كالاى به‌رپرسى ئابوورى و بازرگانى له‌ باڵيۆزخانه‌ى هه‌نگاريا له‌ كوێت و به‌رپرسى بازرگانى نێوان وڵاتى عێراق و هه‌نگاريا.
له‌م ديداره‌دا گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ى دووباره‌ هاتنه‌وه‌ى كۆمپانيا هه‌نگارييه‌كان بۆ بازاڕه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گرنگترين ئه‌و سێكته‌رانه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا هه‌رێمى كوردستان پێويستى يه‌تى.
ئه‌تێلا توت كونسوڵى گشتى هه‌نگاريا له‌ هه‌ولێر وتى: ده‌رفه‌تى باشى كاركردن هه‌يه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ كاتێكى باشه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌م دوو ساڵه‌ى دواييدا به‌ هۆى په‌تاى كۆڤيد -–19 وه‌ستابوون.
كونسوڵ وتى: ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ين كۆمپانياى زياترى وڵاته‌كه‌مان بهێنينه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، له‌ ئێستاشدا لێكۆڵينه‌وه‌ ده‌كه‌ين بۆ به‌رچاو روونى زياتر بۆ كۆمپانياكانمان.
شاندى ميوان وتيان: به‌ يارمه‌تى ژوورى بازرگانى هه‌ولێر و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ داهاتوودا به‌ گڕوتينێكى زياتر دێينه‌وه‌ ناو بازاڕه‌كانى عێراق، ده‌مانه‌وێت په‌ره‌ى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانمان بده‌ين، له‌ لاى خۆمانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژوورى بازرگانى هه‌نگارى و ژوورى بازرگانى عه‌ره‌بى – هه‌نگارى قسه‌مان كردووه‌ و به‌رنامه‌ى باشمان داناوه‌.
ئه‌وه‌شيان خسته‌روو كه‌ كۆمپانياكانى وڵاتى هه‌نگاريا و به‌رهه‌مه‌كانيان كێبڕكێ ى وڵاتانى تر ده‌كه‌ن له‌ رووى كوالێتى و نرخه‌وه‌.
ئيبراهيم محه‌ممه‌د كانه‌بى جێگرى سه‌رۆكى ژوور وتى: په‌يوه‌ندى بازرگانى له‌ نێوان عێراق و وڵاتى هه‌نگاريا په‌يوه‌ندييه‌كى كۆنه‌، هيوادارين دووباره‌ ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ به‌ گڕ و تينێكى زياتره‌وه‌ بگه‌ڕێنينه‌وه‌.
جێگرى سه‌رۆكى ژوور وتى: له‌ پێش بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيد – 19 وه‌كو شاندێكى بازرگانى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى وڵاتى هه‌نگاريامان كرد و له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ كۆمپانياكان و ژوورى بازرگانى هه‌نه‌گاريا كۆبوه‌وه‌نه‌وه‌ى باشمان كرد، داوامان لێكردن به‌ شاندێكى بازرگانييه‌وه‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن به‌ڵام به‌هۆى ئه‌م په‌تايه‌ كاره‌كان وه‌ستان.
هه‌روه‌ها ئاماده‌بووانى ژوور سه‌باره‌ت به كه‌رتى‌ ئابوورى و بازرگانى هه‌رێمى كوردستان به‌رچاو روونى زياتريان پێدان و گرنگترين ئه‌و سێكته‌رانه‌يان بۆ باس كردن كه‌ له‌ ئێستادا هه‌رێمى كوردستان پێويستى پێ يه‌تى، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ماوه‌يه‌كى زۆره‌ كۆمپانيا هه‌نگارييه‌كان له‌ عێراق نه‌ماون،ژوور داوايان كرد كه‌ كۆمپانيا هه‌نگارييه‌كان به‌شداربن له‌ پێشانگا نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌رهه‌مه‌كانيان نمايش بكه‌ن.

ھەواڵی زیاتر