پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە ھەرەشەی بڵاو کردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەند کچێک کردووە.
تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی لەچەند کچێک کردبوو
دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی:
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی لەچەند کچێک کردبوو.
دوای ئەوەی کچێک لەبنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ سکاڵای یاسایی لەسەر کوڕێک تۆمارکرد کە ھەڕەشەی لێکردووە بەبڵاوکردنەوەی چەند وێنەو گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد.
پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتبار (ھ، م، ق) لەدایکبووی ١٩٨٧ لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت.
دوای لێکۆڵینەوەکان و لەکاتی پشکنینی موبایلەکەیدا، دەرکەوت کە تۆمەتباری ناوبراو، سوکایەتی و ھەڕەشەی لەچەندین کچی تر کردووە.
تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان