پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان
بەبۆنەی چل و شەشەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بەشدارانی شۆڕشەکە و کەسوکاری سەربەزری شەهیدان دەکەم.
شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، خەونی دوژمنانی کوردستانی لەگۆڕنا کە دەیانویست گەلی کوردستان لە ناوببەن، بۆیە پەیامێکی بەهێزی گەلی کوردستان بوو کە ستەم و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانی نابێت، لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆر درا و چەندین داستان و نەبەردی مەزنیش لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا تۆمار کران ، دیارترینیان داستانی مێژوویی خواکوڕک بوو بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ساڵڤەگەڕی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، کە خەباتی گەلی کوردستان لە پێناو پاراستن و بەرگریگردن لە دەسکەوت و دامەزراوە شەرعییەکانی، بەردەوامە و پێویستە خەڵکی کوردستان بە هەموو لایەن و پێکهاتەکانیەوە، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی بکات کە بەخوێنی هەزاران شەهید بەدەستهاتوون .
لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە یادی هەموو پێشمەرگە قارەمان و بەشداربووانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە ، لە سەرووشیانەوە شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەهیدانی کوردستان .
مەسرور بارزانی
26ی ئایاری 2022