ڕاگەیەنراوی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی

ڕاگه‌يه‌نراوى هاوبه‌شى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان

ئه‌مڕۆ چواشه‌ممه‌ 25/5/2022 له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاشكاوانه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا و دۆخى ئێستاى عيراق و هه‌رێمى كوردستان و زه‌مينه‌ى هاريكاريى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌يى، تاوتوێ كرا.

هه‌ردوولا جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ دواى ده‌ستپێشخه‌رى و سه‌ردانى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ سلێمانى، زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار بۆ گفتوگۆ و ئاساييكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و كاركردن بۆ گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى نێوان هه‌ردوولا و هاريكاريى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ ڕێگه‌ى لێكگه‌يشتن و گفتوگۆوه‌، هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

هه‌ردوولا بڕياريان دا كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسيى پارتى و يه‌كێتى وه‌ك پره‌نسيپى كارى پێكه‌وه‌يى به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى مه‌كته‌بى سياسيى هه‌ردوولا بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختيان له‌ هاوكارى و پاڵپشتيى هه‌ردوولا بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان و داموده‌زگا شه‌رعييه‌كانى و به‌رده‌واميى ڕاگرتنى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌ياندنى دژ به‌ يه‌كتر كرده‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر