دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تورکیا لە گوندێكی نزیك چەمچەماڵ بۆردومانی ئۆتۆمبێلێكیان كردووە، چەند کەسێک لەناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە و ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەكەش كەوتووەتەوە.
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر بە کوردستان24ی راگەیاند: “فڕۆکەکان لە گوندی تووتەقەڵ لە بناری خاڵ خاڵان، ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج، پێنج سەرنشینی تێدا بووە و هەرپێنجیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوونە”.
گوتیشی: “هێزە ئەمنییەكان و هێزی بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا فڕۆكەكان بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە، ناتوانن بچنە شوێنی رووداوەكە”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەو پێنج کەسەی کوژراون رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێن، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتووە دوو لە کوژراوان خەڵکی ناوچەکەن، بەڵام ئەوانی دیکە تەرمەکانیان سوتاوە و ناسنامەیان دیار نییە”.
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر، ئەوەشی خستەڕوو: “گومان دەکرێت کە هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەکەدا هەبن، بەڵام بە فەرنی هیچ زانیارییەکمان نییە”.
راشیگەیاند: “نازانرێت فڕۆکەکاکن هی لایەن و کام وڵاتن، بۆیە بە هێزەکانمان گوتووە کە نەڕۆنە شوێنی رووداوەکە”.