بە گوێرەی پێشبینییەکان، هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 35 پلە و نزمترینی 22 پلەی سیلیزی دەبێت. لە پارێزگای سلێمانی نزمترین پلەی گەرما 18 و بەرزترینی 33 پلەی سیلیزی دەبێت.
لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری هەندێک تەپ و تۆز دەبێت، کە کاریگەرییەکەی لە کاتەکانی دوانیوەڕۆ زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام کاریگەریی وەک خۆڵبارینەکانی ئەم هەفتەیە نابێت، شەممە کەشوهەوا باشتر دەبێت، بەڵام لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە دووبارە خۆڵبارین روو لە پارێزگاکانمان دەکات و وەک رۆژانی رابردوو پێشبینی دەکرێت خۆڵبارینێکی چڕ بێت و پلەکانی گەرما نزم ببنەوە”.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی لە پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە پێشبینی هیچ تەپ و تۆز و خۆڵبارینێک ناکرێت، لە دهۆک ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچەهەوردا دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک تاوە باران و بروسکە هەیە. لە هەڵەبجەش ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا دەبێت.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، لە دهۆک سبەی بەرزترین پلەی گەرما 34 پلە و نزمترین 20 پلەی سیلیزی دەبێت، لە هەڵەبجەش بەرزترین پلەی گەرما 34 و نزمترینی 17 پلە دەبێت.
لە پارێزگای کەرکووک، سبەی ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەکاتەکانی ئێوارە ئەگەری خۆڵبارینێکی سووک هەیە، بەرزترین پلەی گەرما 38 پلە و نزمترینی 22 پلەی سیلیزی دەبێت.