بڕیارێک لە پارتی و یەکێتییەوە بەرامبەر بە یەکتر

دوای بڕیارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ راگرتنی هەڵمەتی میدیایی دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێتیش هەڵمەتی میدیایی دژی پارتی راگرت.

رۆژی چوارشەممە 18ـی ئایاری 2022، سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “لەگەڵ بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە هەڵمەتی میدیاییان دژی ئێمە راگرت؛ تەواویی میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ئاگادارکراونەتەوە کە هەڵمەتی میدیایی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان رابگرن.”

سەرچاوەکە گوتیشی، راگرتنی هەڵمەتی میدیایی دژی پارتی بە فەرمانی “قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتیی مام جەلال و ئاگاداربوون و هاوئاهەنگی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی دراوە” و ئامانج لێی رەخساندنی کەشێکی لەبارە بۆ کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتووی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان.

بڕیارەکەی یەکێتی دوای ئەوەدێت، رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2022، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە “رێنوێنی”یەک دا کە بۆ ئەندامان و دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیالمیدیای پارتی ناردووە، داوای لە ئەندامان و دەزگاکانی راگەیاندنی دەکات کە “هێرشی راگەیاندن” و “زمانی زبر” لە راگەیاندنی پارتییەوە بەرامبەر “لایەن و کەسایەتییەکان”، بە تایبەتی بەرامبەر “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسایەتییەکانی بەکارنەهێنن،” ئەمەش بۆ “رەچاوکردنی زەمینەیەکی گونجاوی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان.”

راگرتنی هەڵمەتی میدیایی دژ بەیەک لەلایەن هەردوو حیزبەوە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 15-5-2022 دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. گوتیشی، “لایەنەکان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەکو چەتری کۆکەرەوەی هەمووان تەماشا دەکەن.”

بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، لە پەیامی جەژنە پیرۆزەیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێترین دەستپێشخەریی خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکان و داوای لە پارتی و یەکێتی و سەرجەم لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان کرد جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێک بۆ وەلاوەنانی كێشه‌ و ناكۆكییەکان. داواشیکرد، “خۆيان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى ميديايى و يه‌كترشكاندن بپارێزن.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ جەژنی رەمەزان گوتی، “له هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێک زياتر پێويستمان به‌ پێكه‌وه‌يى، ته‌بايى و يه‌كڕيزييه.” داواکاریی لە لایەنەکانیش هەبوو پێكه‌وه‌، يه‌كڕيز و ته‌با، هاريكار و هاوئاهه‌نگ بن تاوەکو له‌سه‌ر ئاستیى عێراقيش پێگه‌ و رۆڵ و كاريگه‌رييان هه‌بێت. پەیامەکەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بە گوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، “یەکێتی و پارتی وەڵامی دەستپێشخەریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان داوەتەوە.” گوتیشی، “سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆڵنادات و دەیەوێت یەکڕیزی بێتە ئاراوە.”

پرسی سەرۆککۆمار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەم چەند مانگەی رابردوودا جیاوازییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قووڵکردەوە. رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتییە و بەرهەم ساڵحیش بەربژێری یەکێتییە؛ پارتی رێککەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان هەیە و ئەوەش بنەمای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بوو. هەرچی یەکێتییە زیاتر لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە نزیکە.

ئەوەی کە پەیوەندی بە پرسی هەڵبژاردنەوە هەیە، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ دەیانەوێت کوردستان بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەشبکرێت. پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە چەند بازنەییەک ناوچەگەری تۆخدەکاتەوە.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر