سەندیکای پزیشکان: ئەبوبەکر هەڵەدنی سوربوو لەسەر ئەوەی ناوی پزیشکەکە نەدات

ئەنجامی لیژنەی بەدواداچوونی سەندیکا لەسەر لێدوانەکانی پەرلەمەنتار ئەبوبەکر هەڵەدنی

پاش ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بەڕێز ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پزیشکێک تاوانبار دەکات بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر نەخۆشێک ، ئەنجومەنی باڵا لیژنەیەکی بۆ بە دواداچوون لەسەر ئەم بابەتە پێکهێنا بۆ خستنە رووی راستەیەکان .
دوابەدوای دانیشتنی لیژنە لەگەڵ بەڕێز ئەبوبەکر هەڵەدنی ، ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک دەرەئەنجام و روونکردنەوە بۆ رای گشتیی وپزیشکان دەخەینە روو:
١. بەڕێز ئەبوبەکر هەڵەدنی سوور بوو لەسەر نەدرکاندنی ناوو ناونیشانی ئەو کەسەی کە تۆمەتی خراوەتە پاڵ ئەوەش لەبەر ئەوەی وەک بەڕێزیان دەڵێت “لەبەر دۆخی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی”، لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا کە داوای لێبوردن بکات لەهەر پزیشکێک کە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ کرابێت لە ئەنجامی ئەم لێدوانەی.
٢. پزیشکان توێژێکی زۆر گرنگی کۆمەڵگان و سامانێکی نەتەوەیین ، پێویستە بەڕێزیان و هەموو لایەک خۆیان بە دوور بگرن لە لێدوانی ناشرین و تەشهیر کردن بەم پیشەیە.
٣. ئەم لێدوانەی بەڕێز هەڵەدنیش دەچێتە خانەی زیان گەیاندن بە کاری پزیشکیی و مەترسی بۆ سەر پزیشکان. بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین کە وەکو سەندیکا سوورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەم بەڕێزە بە فەرمی داوای لێبووردن لە پزیشکان بکات بە پێچەوانەوە کەیسەکە دەبەینە دادگا و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵە ئەم پێشێلکاری وتەشهیرە دەکەین.
٤. سەندیکای پزیشکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەرێم بەردەوام دەبێت لە چاودێری کردن وپاراستنی بنەما و بەها بەرزەکانی دەست دانە پیشەی پزیشکی لە هەرێم و داکۆکیکاری مافەکانی نەخۆش و پزیشکان بەیەکەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە دەبێتەوە کە دەیانەوێت متمانەی هاووڵاتییانی خۆشەویست بە پزیشکان و پیشەی پزیشکیی لە کوردستان لاواز بکەن.

لەگەڵ رێزدا
سەندیکای پزیشکانی کوردستان

ھەواڵی زیاتر