کارەساتە سروشتییەکەی گۆمی فێڵاو 

ساڵانی رابردوو لە بەفر و لە بەهار و هاوین سەردانی گۆمی فێلاوم کردووە بەڵام هیچ کات وەکو ئەم دوو هەفتەیەی پیشوو ئەو سروشتە ڕووبەڕووی کارەساتی ژینگەیی وا نەبۆتەوە.
لە دووەم ڕۆژی جەژن و سێیەم ڕۆژیدا بەهەزاران گەشتیار هاتن بۆ سەردانی ئێرە. ئەو کارەستانەی کە من بەدیم کردن و لە دووتوێی بەرنەمای #گەشتوان خستومەتەڕوو کە ئەم پێنجشەممەیە لە کەناڵی #K24 پێشکەش دەکرێت.
خەڵك و گەشتیار و ئیدارەی ناوچەکە تا ئێستا هەر وا تێگەیشتوون کە ژینگە تەنها بریتییە لە دەبە فڕێیان یان فڕێنەدانی و پاککردنەوەی، بەلام ئەو مەترسییە گەورەیەی کە تا ئێستە پاسە زۆرە گەشتیارییەکان کە گەشت ڕێکدەخەن بۆ ئەو ناوچەیەو ئەو سەردانیکەرە بەلێشاوەی کە ڕوو لەوێدەکەن ئەم مەترسییە گەورانە بۆ ئەوێ دروستدەکەن:

  1. ئێستا نەک هەفتانە بگرە ڕۆژانە بە هەزاران خەڵك کە یەکی دوو پێی هەیە واتە 2000 پێ ئەوو گژ و گیا و گوڵ و جانەوەرە ووردانە بە پێکانیان لەناو دەبەن کە بەسەریا دەڕۆن.
  2. زۆربەی گەشتیاران بە جەماعی بەردەوام بە شەو و ڕۆژ هەڵپەڕکێی لەسەر دەکەن کە ئەمەش وادەکات ئەو گژوگیا و زیندەوەرە سوودبەخشانە لەناو بەرن و زەوییەکە دەکوتنەوە بە پێکانیان و چیتر بۆ ساڵی داهاتوو گیا لەو شوێنانە ناڕوێتەوە.
  3. هەندێک لە گەشتیاران لەسەر مقەڵی خواردن دروست دەکەن ئەوەش جێی دەستخۆشییە، بەڵام هەندێکی تریان لەسەر گژوگیاکە ئاگریان کردۆتەوە بەوەش نەوەستاون ئەرزەکەشیان بۆ چاڵ کردووە بۆیە با نەیگرێتەوە و ئاگرەکەیان جوان بگەشێتەوە، ئەمەش وایکردووە دیمەنی ئەو ناوچەیە لە پاشماوەی جەنگێک دەچێت کە سەدان بۆمبی پیا تەقی بێت.
  4. گەر دیقەتی تەواوی وێنەکان بەن کەلەدوورەوە گرتوومە تەواوی ئەو زەویانە دەبینن کە لەباتی گژوگیا بووە بە قوڕ و خۆڵ و چیتر ئەوشوێنانە ئاستەمە گیای تیا بڕوێتەوە.
  5. لە دووەم ڕۆژی جەژن ئیدارەی ناوچەکە فیستیڤاڵیان تیاڕێکخست بۆ هاندانی گەشتیاران کە ڕوو لە گۆمی فێلاو بکەن. بەڕای من نەدەکرا ئەوەیان بکردایە تا پلان و بەرنامەی ژینگەیی و زانیاری لەسەر چۆنێتی ڕێکخستنی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکە لەڕووی ژمارە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوجانە بکردایە، هاندانی گەشتیاران بەبێ بەرنامەی دروست ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە و دەکەوێتەوە. لە میانەی دیبەیتی بەرنامەکەشم کە قسەم لەگەڵ کردن بەداخەوە پلانیان نەبوو لەو ڕووەی کە شیم کردۆتەوە لەم خاڵانە.
  6. ڕؤژی هەزاران کەس دوای خواردنی ژەمە قورسەکانیان، میز و پیسایی زۆر لە چواردەوری گۆمەکە دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرەها کرم و مێروو و مەگەزی زیانبەخش کە نەخۆشی ترسانک دەگوازنەوە بۆ گەشتیاران و سەردانیکەرانی ناوچەکە، ئەمە بێ لە بۆنە ناخۆشەکەی لە هاونیدا.
  7. وابڕوات ساڵانی داهاتوو تەنها گۆمێکی بۆگەن و چواردەورێکی خۆڵاوی پڕ لە تەپوتۆز دەمێنێتەوە، دواتریش وەکو گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ و جوندیان و وەرتێ و ناوچەکانی دیکە، چواردەوری گۆمەکە دەکەن بە کۆنکرێت و کەپری لە بلۆک دروستکراو و مشەما شینەکە و دوکانی عەینەک و شەپقە و مەسینەو نەعلی لاستیک. دەڵێن خزمەتگوزاریمان گەیاندە گۆمی فێلاو.
  8. سناپچات و ستۆریی قوڕی کرد بەسەر هەموو ژینگەی کوردستان.

پشکۆمستەفا پێشکەشكاری بەرنامەی ژینگەیی گەشتوان لە کەناڵی کوردستان24

ھەواڵی زیاتر