داهاتی هەرێمی كوردستان لە مانگێكدا چەندە؟

لیزا فەلەكەدین- هیڤیدار ئەحمەد/ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی:

هەموو بابەتی دارایی و ئابووری لەسەر دوو پایە شیدەكرێنەوە، ئەویش (داهات و خەرجی)یە هەر كاتێكیش بڕی داهاتی كۆكراوە كەمتربوو لە كۆی خەرجییەكان ئەوە بابەتێكی دیكە دێتە ئاراوە كە بریتییە لە كورتهێنان.
نەبوونی بودجە لە هەرێمی كوردستان هۆكارێكی سەرەكی دروستبوونی گرفتی داراییە، كە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوەو شەڕی داعش‌و قەیرانی دارایی تاوەكو ئێستا بودجە نەهاتووەتە پەرلەمانی كوردستان. بەڵام كە بودجە نەبوو، مانای ئەوە نییە، داهات دیار نەمینێت و لە خزمەتی خەڵكدا خەرج نەكرێت كە خاوەنی یەكەم و كۆتایی داهاتی هەرێمی كوردستان خەڵك خۆیەتی.
خوێندنەوەی هەڵە و پشت نەبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێكراو بۆ پرسە داراییەكان قەیرانێكی تری بۆ هەرێم دروستكردووە، هێنانەوەی داتاو ژمارەی نادروست هۆكارێك بووە لەنەمانی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و حكومەت و دەرئەنجامی ئەمەش شڵەژانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لێ بەرهەم هاتووە.

وەكو دوو ئەندام لە لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان، لەڕێگەی ئەم نوسینەوە هەوڵدەدەین بە پشتبەستن بە داتاو بەڵگەی باوەڕپێكراو ژمارە داراییەكانی پەیوەست بە داهات و خەرجی بخەینە ڕوو، لەپاڵ ئەمەشدا باس لە سستی دابەشكردنی موچە لە پارێزگای سلێمانی (هەڵەبجە، گەرمیان‌و ڕاپەڕین) دەكەین.

یەكەم: داهات

سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان:

  • داهاتی نەوتی
  • داهاتی ناوخۆ (داهاتی نانەوتی)
  • هاوكاری هاوپەیمانان
  • 200 ملیاری بەغداد: بەهۆی پابەندنەبوونی بەغداد بە ناردنی ئەم بڕە پارەیە لەكاتی خۆیدا ناتوانین بەشێوەیەكی جێگیر پشت بەم سەرچاوە داهاتە ببەستین. بۆیە لەم سۆنگەیەوە حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی جێگیر پشت بە داهاتەكانی خۆی دەبەستێت، لەم ساڵدا بەغداد تەنها یەك جار 200 ملیارەكەی بۆ هەرێم ناردووە.
  • داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان:
    هەرێمی كوردستان بەتێكڕا لە ڕۆژێكدا 420 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، پێویستە بۆ خوێنەران ئەوەش ڕوون بكەینەوە كەوا سەرهەڵدانی كێشەی نێوان ڕوسیاو ئۆكرانیا قەیرانێكی وزەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی ئەوەی یەكێك لە گەورە كۆمپانیاكانی ڕوسیا بەشدارە لە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئەمەش كێشەیەكی كاتی بۆ فرۆشتنی بڕی 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ مانگی ئادار دروستكردووە. بۆیە تێكڕای فرۆشی نەوت بۆ مانگی ئادار 360 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێكدا. حكومەتی هەرێم لە هەوڵی جدیدایە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.
    لە مانگی ئادار تێكڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوتی هەرێم (99.97$) بووە. واتا داهاتی مانگی ئادار لە نەوت ملیارێك و 118 ملیۆن دۆلار بووە. لەو بڕە (577) ملیۆن دۆلار بۆ خەرجی كۆمپانیاكان و كرێی گواستنەوە و قەرزەكان رۆیشتووە، ئەوەی كە ماوەتەوە (541) ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە.
  • داهاتی ناوخۆ: تێكڕای مانگانەی داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان (295) ملیار دینارە كە دەكاتە 28٪ی كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كوردستان‌و بەم شێوەیە دابەشدەكرێت:

یەكەم/گومرك
تێكڕای داهاتی گومرك لە هەرێمی كوردستان بۆ مانگێك 126 ملیار دینارە. دەكاتە 42٪ی كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ.
بڕی ئەم داهاتە لە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك 87 ملیار دینارە كە لە 69%ی داهاتی گومرك پێك دەهێنێت.
لە پارێزگای سلێمانی 39 ملیار دینارەو لە 31%ی داهاتی گومرك پێكدەهێنێت.

دووەم/ باج
كۆكردنەوەی داهاتی باج یەكێكە لە گرفتە سەرەكییەكان و گفتوگۆی زۆری لەسەر دەكرێت. تێكڕای داهاتی باج بۆ مانگێك 39 ملیار دینارە. 13٪ی كۆی گشتی داهاتی ناوخۆیە.
لە هەولێر و دهۆك ئەم داهاتە بە تێكڕا بۆ مانگێك 32 ملیار دینارە كە دەكاتە لە 82٪ی داهاتی باج بۆ مانگێك.
پێشتر لە سلێمانییەوە داواكارییەك هەبوو كە ناكرێت كارێك لە سلێمانی بكرێت‌و بڕی باجەكەی لە هەولێر بدرێت. ئەو كێشەیە لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بانكی ئاشتی لە سلێمانی بڕیاری چارەسەركردنی درا، كە هەر پڕۆژەیەك لە سلێمانی بێت‌و كۆمپانیای جێبەجێكار لە هەولێر بێ، دەبێت داهاتی باجەكەشی هەر بۆ خودی سلێمانی بێت.

سێیەم/ رسومات:
لە كۆی 19 وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان 11 وەزارەت داهاتی هەیەو بڕی داهاتی بەدەست هاتوو لەم وەزارەتانە بەتێكڕا بۆ مانگێك (130 ملیار دینارە). دەكاتە 44٪ی لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ.
ئەویش بەم شێوەیە:
وەزارەتی كارەبا:
73٪ لەهەولێرو دهۆك
27٪ لە سلێمانی
هاتوچۆ (وەزارەتی ناوخۆ):
74٪ لە هەولێرو دهۆك
26٪ لە سلێمانی
تۆماری خانووبەرە:
70٪ لە هەولێرو دهۆك
30٪ لە سلێمانی
شارەوانی:
79% لە هەولێرو دهۆك
%21 لە سلێمانی

دەرئەنجام كۆی گشتی داهاتی مانگی ئاداری ئەمساڵ 2022 بەمشێوەیەیە، نزیكەی ترلیۆنێك و 41 ملیۆن دینار (720 ملیۆن دۆلار). ئەمە لەگەڵ 200 ملیار دیناری عێراق كە تەنها بۆ مانگی سێ نێردرا.
دووەم: خەرجی
خەرجییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگێكدا ترلیۆنێك‌و 41 ملیار دینارەو بەم شێوەیە دابەشكراوە:

  • دابینكردنی مووچە 909 ملیار دینار.
  • نەسرییەو بودجەی تەشغیلی و پڕۆژەكان 132 ملیار دینار.
    كورتهێنان (عجز):
    مانگی یەك و دوو حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە بو هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم بۆ تەواوكردنی موچەی مانگی یەك بڕی 138 ملیۆن دۆلار (200 ملیار دینار)ی لە داهاتی نەوتی مانگی دوو دابینكردووە.
    ئەم كورتهێنانە لە مانگی دوو بەردەوام بووە. لەگەڵ هاتنی 200 ملیارەكەی بەغدادو زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ مانگی سێ 181 ملیۆن دۆلار داهات زیاد بووە. لەم بڕە 138 ملیۆن دۆلار بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان بووەو 43 ملیۆن دۆلاریش دراوە بۆ پەرەپێدان‌و چاككردنەوەی وێستگەكانی كارەباو پارەكە هەمووی ڕادەستی كۆمپانیای ماس كراوە.

هۆكاری پشت سستی دابەشكردنی موچە لە پارێزگای سلێمانی (هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین) چییە؟
نزیكەی 55 ملیار دینار داهاتی مانگانەی سلێمانی ئەوەی كە (بەفەرمی) كۆدەكرێتەوە ناگەرێتەوە نێو بانكەكان.
ئەم شیكردنەوە داراییە بەرچاوڕوونییەكمان لا دروست دەكات و دەمانگەیەنێتە ئەم دەرئەنجامە:
كێشەكە لە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆدایەو كە بەدوایخۆیدا كێشەی نەختێنەی بۆ بانكەكانی سلێمانی دروستكردووەو ئەمەش هۆكاری سەرەكییە لە سستی دابەشكردنی مووچە، كەمی دەرمان، پاكنەكردنەوەی شارەكان لە زبڵ و خاشاك…
بۆ بەڕێوەبردنی داهات و خەرجی هەرێمی كوردستان چەندین ساڵە سیستەمێكی دارایی تایبەت جێبەجێ دەكات، كە ئەم سیستەمە بەم شێوەییە : (57% هەولێرو دهۆك)و (43% سلێمانی).
لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێم كە 295 ملیار دینارە، تەنها 78 ملیار دیناری لە پارێزگای سلێمانییەوەیە! لەكاتێكدا بەپێی سیستەمی ڕێژەیی دارایی هەرێم بێت پێویستە داهاتی سلێمانی مانگانە نزیكەی 130 ملیار دینار بێت، واتە 40٪ی لە داهاتی سلێمانی مانگانە دیار نییە كە دەكاتە نزیكەی 55 ملیار دینار.
ئەمە جگە لە كارە نایاسییەكانی خاڵە سنوورییەكانی پارێزگاكە بەتایبەت قاچاغچییەتی. سەبارەت بەم بابەتە ساڵی پێشوو وەكو لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان سەردانی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانمان كردو بە بەڵگە و دۆكیۆمێنت بۆمان ڕوون بوویەوە كە قاچاغی لە باشماخ و پەروێزخان بەڕۆژی ڕووناك بەردەوامە. لەم بابەتە شیكاریەدا ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەو داهاتەیە كە بەشێوەیەكی یاسایی و فەرمی كۆدەكرێتەوە، ئەگەر تەواوی داهاتاكە ئەوەی بە فەرمی كۆدەكرێتەوە وەكو خۆی بچێتە خەزێنەی حكومەت و بەشێوەیەكی شەفاف و دادپەروەرانە بەڕێوەببردرێت كافییە بۆ ئەوەی كۆتایی بە قەیرانی دارایی لە سلێمانی بێت.

ھەواڵی زیاتر