ئەمڕۆ پێنجشەممە 28 ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هۆڵەندی کرد بە سەرۆکایەتی لیشیە شراینماخەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگیی گەشەپێدان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە میشێل ڕێنتەنار باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق ئامادەی بوو ،
وەزیری دەوڵەتی هۆڵەندا بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگیی گەشەپێدان، سڵاو و ڕێزی سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئالوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی هۆڵەندای کرد و ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ ئابووری کوردستان .
دەرفەتەکانی باشترکردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، پشتگیریکردنی بزنسی بچووک، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لە سەر ئابووری ، و پرسی کۆچبەران، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر