ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا،لەگەڵ پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبووەوە.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ هاریکاری و هەماهەنگیکردنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا لە بواری کۆچبەران و کۆچی نایاسایی. خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری ئەمنی و کۆچی نایاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو گرووپ و باندانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و هەڕەشەکانی تیرۆر، یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کۆچبەری.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر