هێمن هەورامی: ده‌بێ په‌رله‌مان به ئه‌ركه یاساییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵبسێت و هه‌ڵبژاردن دوا نه‌كه‌وێت

د. هێمن هه‌ورامی، جیگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له ئۆلیڤیێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتیی كۆماری فه‌ڕه‌نسا له هه‌رێمى كوردستان كرد و له دیدارێكدا دواین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخی سیاسیی هه‌رێم و عێراق و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
په‌یوه‌ست به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و گرتنه‌به‌رى ڕێكاره په‌یڕه‌وی و سیاسییه‌كان، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ”هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف و سه‌ركه‌وتوو مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و هه‌موو لایه‌كمان به‌رپرسیاریه‌تیی سیاسی و یاساییمان له‌سه‌رشانه‌ بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، جه‌ختیشی كرده‌وه كه ده‌بێت په‌رله‌مان به ئه‌ركه یاساییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵبستێت و هه‌ڵبژاردن دوا نه‌كه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی به‌ردوامیی پێ بدرێت.”
گوتیشی: “ئه‌ركی یاسایی و سیاسیی هه‌موو لایه‌كمانه‌ زه‌مینه‌سازیی ته‌واو بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف بكه‌ین و مافی گه‌لی كوردستان له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی دیموكراسی په‌ك نه‌خرێت، ده‌بێ سازان و لێكتێگه‌یشتنی نێوان فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ نزیككردنه‌وه‌ى ڕاوبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان هاوته‌ریب بێت و هیچ لایه‌ك كارى لایه‌كی دیكه‌ نادیده‌ نه‌گرێت و ڕێگرى له‌ كارى په‌رله‌مان و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌ په‌یڕه‌وی و یاسایییه‌كانی نه‌گرێت”.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا له‌سه‌ر دوایین ڕه‌وشی سیاسی و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان كرد و هه‌ڵوێست و پشتیوانیی به‌رده‌وامی فه‌ڕه‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رز نرخێندرا.

ھەواڵی زیاتر