بۆچی لە كۆبوونەوەكەی ئەردۆگان و مەسرور بارزانیدا ئاڵای هەرێم دانەنرا؟

لە سەردانەكەی دوێنێ هەینی 15ی 4ی 2022ی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و كۆبوونەوەكەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەركۆماری توركیا، ئاڵای كوردستان دانەنرا، بەم هۆیەشەوە میدیاكانی هەرێمی كوردستان و هەندێك حزب و پەرلەمانتار، بە بێئاگایانە قسەیان لەسەر كرد، یانیش بۆ موزایەدەی سیاسی بەكاریان هێنا.

لە سەردەمی سیستەمی پەرلەمانیدا، ئەو كاتەی سەرۆك وەزیران لە توركیا دەسەڵاتی تەواوی هەبوو و سەركۆماری توركیا دەسەڵاتەكانی سنووردار بوو، هەڵكردنی ئاڵا لە پڕۆتۆكۆڵی توركیادا جیا كرابووە.

ئەوكات ئەگەر سەرۆكی وڵاتێك بچووبایە توركیا، سەرۆك وەزیران بە دانانی ئاڵای شاندی میوان لە پاڵ ئاڵای توركیا، پێشوازیی لێ دەكرد. هەر ئەوكات بینیمان كە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە سەردەمی سیستەمی پەرلەمانیدا سەردانی توركیایان كردووە، كاتێك ئەردۆگان پێشوازیی لێ كردوون، كە ئەوكات سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو، ئاڵای كوردستان نەك لە كۆشكی چەنكەلا، تەنانەت لە فڕۆكەخانەی توركیاش هەڵدەكرا، بەڵام هەر لەو سەردانانەدا كاتێك عەبدوڵا گویل، كە ئەوكات سەركۆماری توركیا بوو، پێشوازیی لە سەرۆك بارزانی بكردایە، لەناو كۆشكدا تەنیا ئاڵای توركیا دادەنرا. ئەمەش پڕۆتۆكۆڵی توركیا بووە و بۆ هەموو سەرۆكی وڵاتێك جێبەجێ كراوە.

لە 2017ەوە سیستەمی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی گۆڕاوە، لەوساوە چیتر لەناو كۆشكی كۆماریدا، ئاڵای وڵاتانی تر جگە لە توركیا هەڵنەكراوە، چونكە لە پڕۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتیی توركیادا، ئاڵا لە هۆڵی كۆبوونەوە دانانرێت، ئەگەر بیانەوێت نماییشێك بۆ دونیا بكەن لەگەڵ وڵاتێك، ڕێوڕەسمێكی تایبەت بۆ پێشوازیكردن لە دەرەوەی هۆڵی كۆبوونەوە ڕێك دەخەن و ئاڵای توركیا و شاندی میوانیش دادەنێن.

هەر بەم هۆیەوە دەبینین لە ماوەی رابردوودا سەرۆكی چەند وڵاتێكی ئەورووپی كاتێك چوونەتە لای ئەردۆگان، بەبێ رێوڕەسم پێشوازیی لێ كردوون و لە هۆڵی كۆبوونەوەكەشدا تەنیا ئاڵای توركیا دانراوە.

ھەواڵی زیاتر