بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی پرۆژەی ئاوی گوپتەپە – چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێت

ئەمڕۆ 12ی نیسانی 2021، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە نوسراوێکیدا کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە، تێیدا هاتووە “ئاماژە بە نوسراوەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ژمارە 8453 لە 6/9/2021 و ژمارە 11609 لە 11/11/2021، رەزامەندی رێزدار جەنابی سەرۆک وەزیران وەرگیرا، بە تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی 70 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار، بەشێوەی نەختینە و بەقۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی باری دارایی حکومەت بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ”.

ئاماژە بەوەشدراوە، کە وەک قۆناغی یەکەم، بەگوێرەی دەرخستەی هاوپێچ و رێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان (ژمارە 2ی ساڵی 2016)ی وەزارەتی پلاندانان، پارەی پرۆژەکە خەرجدەکرێت.

هاوکات قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەڵامی 77 نوسراو و داواکاری قەزاکەیە، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، کە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی قەزاکە.

قەزای چەمچەماڵ، لە حەوت ناحیە پێکهاتووە، گرفتی کەمی ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە بەشێک لە گەڕەک و ناحیەکانیدا، لە ماوەی هەفتەیەکدا، تەنها یەک جار ئاوی خواردنەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت، ئەنجامدانی پرۆژەکە خواستی دانیشتوانەکەیەتی بۆ کۆتاییهاتنی کێشەی کەمئاوی.

ھەواڵی زیاتر