ئەنجومەنی وەزیران لەسەر چەند پرسێکی تایبەت کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ساز دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.
کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەیە تایبەت دەبێت بە چەند پرسێک کە گرنگترینیان خستنەڕووی پوختەی ئەنجامی بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە هەردوو کۆڕبەندی جیهانی بۆ وزە و ئەو کۆبوونەوانەی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکاندا لە میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو ئەنجام دران.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕوسیا – ئۆکڕانیا.
ھەر لە کۆبوونەوکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (مشروع قانون الدعم الطاریء للأمن الغذائي والتنمیة) کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی و لە ھەمان کاتیشدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بابەتی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٢.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٧٦)ی ٢٠٢٠/١٠/٧ کە تایبەتە بە میکانیزمی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەی (٩) و (١٠) لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان – عێراق.