لە سلێمانی سێ لیستی نوێ خۆیان ڕادەگەیەنن

لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە بە زۆنی سەوز ناسراوە، ساڵانە حیزب و قەوارەکان زیاد دەکەن. لە هەڵبژاردنی داهاتوی کوردستانیشدا، سێ لیست خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.

بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش، ئەو سێ لیستە کە بڕیارە خۆیان ڕابگەیەنن هەڵقوڵاوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانن.

لیستی یەکەم بە سەرۆکایەتی لاهور جەنگی دەبێ

لاهور جەنگی، ماوەیەکە سەرقاڵی خۆ ئامادە کردنە بۆ ڕاگەیاندنی حیزبێکی نوێ و بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی داهاتوی کوردستان کە بڕیارە لە مانگی 10ی2022 بەڕێوە بچێت. بۆ ئەو مەبەستەش چەند کەسێکی نزیکی خۆی ئاگادار کردۆتەوە و داوای هاوکاری لێ کردوون.

ئەوانەی لەگەڵ لاهور جەنگیدا دەبن، شادمان مەلا حەسەن و ژینۆ محەمەد، کە هەردوکیان ئەندامی سەرکردایەتی بوون و دەرکران، لەگەڵ براکانی لاهور خۆی و چەند پەرلەمانتارێکی ئێستا و پێشوو.

لیستی دووەم بە سەرۆکایەتی عەلی حەمە ساڵح

ئەم لیستە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و ڕەنگە تا دوا ڕۆژەکانی بەر لە دەستپێکردنی بانگەشە ڕانەگەیەنرێت. چاوەڕوان دەکرێ هەریەکە لە یوسف محەمەد و کاوە مەحموود و چەند کەسێکی دیکەی تێدا بن.

لیستی سێیەم بە سەرۆکایەتی عەبدوڵای مەلا نورییە

ئەم لیستەش قووڵاییەکەی دەکەوێتە گەرمیانەوە و جگە لە عەبدوڵڵای مەلا نوری، چاوەڕوان دەکرێ چەند کەسێکی تریش بچنە ئەو بەرەیەوە.

ھەواڵی زیاتر