مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا دەکات 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانی سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە لە ڤيلله‌ ڤاريۆلا باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عێراق و ئان مێسكانه‌ن سه‌رۆكى نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌وروپا له‌ عيراق و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر و ژمارەیەک ڕاوێژکار پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا،سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و شەڕی تیرۆر و کێشەی کۆچبەران تاووتوێ کرا.
شاندی یەکێتی ئەوروپا، کورتەیەکیان دەربارەی کاروچالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەتایبەتی لە بواری هاوکاریکردنی چاکسازییەکانی حکومەت لە ڕووی بەهێزکردن و باشترکردنی سیستەمی بانکی و کاروباری هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تاوانی ڕێکخراو و سپیکردنەوەی پارە و کۆچی نایاسایی. لەم ڕووەوە، شاندەکە بە پێزانینەوە ئاماژەیان بە هاریکاريى و هەماهەنگیی بەردەوام و بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە گەڵ باڵیۆزخانە و نێردەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق .
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی هاوکاریی وپشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا،باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ برەودان بە شەفافیەت و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی.
سەرۆکی حکومەت هەروەها، ئاماژەی بە نادەستووریبوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە.

ھەواڵی زیاتر