ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ مستەفا کازمی و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێرشی تیرۆریستی سەر شاری ھەولێر کرا و هەردوولا ھاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە ئەمە ھێرش و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری عێراق .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری پەیوەندییەکی دۆستانە بووە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش، هێرشی و پەلاماردانی هەولێریش دەستدرێژییە بۆ ئاسایش وسەقامگیری عێراق.
سەرۆک وەزیرانی فيدرال ، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشە قبوڵ کراو نییە و نامانەوێت خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکی وڵاتان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە کەرتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان كرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر