سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە شوێنی بە ئامانجکراو بنکەی ئیسرائیلی بێت و رایگەیاند: “شوێنی بەئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە“.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، بە 12 مووشەکی بالیستی هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند: “بنکەیەکی ئیسرائیلیان” کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران ئەو زانیارییە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: “سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی 2022/3/13ی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسولخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیێنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە راستییەوە”.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئێران و دەڵێت: “ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە”.
سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی هێرشەکە دەڵێت: “شەوی رابردوو ‘ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنییەکان’ کرانە ئامانجی مووشەکە بەهێزەکانمان”.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، جامعەی عەرەبی، حکومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەن: “بە پەلە لێکوڵینەوە لەم هێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر.”