شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریەكانی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و ھاتنی بارستە ھەوایەكی سارد، سبەینێ لە كاتەكانی بەرەبەیان شەپۆلێكی دیكەی پچڕپچڕی بارانبارین ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەتایبەت لەناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر كاریگەری زیاتر ئەبێت و پلەكانی گەرما بەرێژەی ٢ تا ٤ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەكرد “لە ئەنجامی كاریگەریی ئەو بارستە ھەوا ساردەی روو دەكاتە ناوچەكە كاتەكانی دوای نیوەرۆ بۆ شەو خێرایی با لەسەر ناوچەكە ناو بەناو چالاك دەبێتەوە بەخێرای ٢٠ تا ٣٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە، لە ئەنجامدا شەپۆلێكی خۆڵبارینیش دووبارە ناوچەكە دەگرێتەوە”.

ئاراس جەبار دەشڵێ” لە ئەنجامی نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما لە كاتەكانی شەودا ئەگەری بارینی بەفر لە سنوری ھەندێ لە قەزا و ناحیەی ناوچە شاخاویەكاندا ھەیە كە بەرزیان زیاترە لە ١١٠٠ مەتر  لە ئاستی رووی دەریاوە و كاریگەری بەشێوەیەكی پچر پچر تا پێش نیوەرۆی رۆژی شەمە ١٢-٣-٢٠٢٢ دەخایەنێت”.

ھەواڵی زیاتر