سەركردەیەكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئاشكرای كرد، عەلی باپیر، سەرۆكی حزبەكەیان پێشوەختە زانیاریی لەبارەی هەوڵی كوژرانی مەلا عەبدوڵای قەسرێ پێ دراوە.
شوان ڕابەر، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵ لە نووسینێكدا كە لە ساڵیادی كوژرانی مەلا عەبدوڵای قەسرێ لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرای كردووە، عەبدوڵای قەسرێ هەستی بە پیلانگێڕی لە دژی خۆی كردووە، بۆیە لە ئەحمەدئاوا لەگەڵ ئەو و عەلی باپیر دانیشتووە و گوتوویەتی: ”زانیاریم بۆ هاتووە كە دەیانەوێ زەڕبەم لێ بدەن…هتد“.
بە گوتەی ئەو سەركردەیەی كۆمەڵ، عەلی باپیر پاش بیستنی زانیارییەكە بە مەلا عەبدوڵای قەسرێی گوتووە: ”جا تۆ خراپە و تاوانت چییە تا زەڕبەت لێ بدەن؟ دەبێ كێ زەڕبە لە تۆ بدات؟ خۆ زیانی كەست نییە؟ و …. هتد“.
ئەوەشی دركاندووە كە پاش ئەو قسانەی عەلی باپیر، ”ئیتر هەرسێ لامان سەرنجی خۆمان لەسەر بابەتەكە لادا و مامۆستا عەلیمان جێ هێشت“.
شوان ڕابەر نەیشاردووەتەوە كە پاش جێهێشتنی عەلی باپیر، ئەو بە تەنیا بە مەلا عەبدوڵای قەسرێی گوتووە ”ئەو زانیاری و بابەتە بە هەند وەربگرە“. دەشڵێت: ”هەر لەم سۆنگەیەوە بیرۆكەی وتاری كوشتنی بەناهەق هاتە گۆڕێ كە ئێستاش لێدەدرێتەوە“، چونكە وتارەكە لە 28ی 2ی 2003 و چەند ڕۆژێك پێش كوژرانی پێشكەش كراوە.
سەركردەكەی كۆمەڵ باسی ئەوەشی كردووە كە چۆن لە 4ی 3ی 2003 مەلا عەبدوڵای قەسرێ و چوار لە پاسەوانانی بە ڕۆژی ڕووناك كوژراون، بەڵام هیچ باسی لەوە نەكردووە كە رووداوەكە بە فەرمانی راستەوخۆی یەكێتی و دژە تیرۆری یەكێتی بووە كە ئەوكات بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتیی دەكردن.
شوان ڕابەر لە نووسینەكەیدا دەڵێت: ”مامۆستا عەبدوڵا لە ڕێگەی كۆڕ و وتار و وانەكانی، رۆڵ و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر خەڵكی خۆمان و جەماوەر هەبوو، بەتایبەت لە ناوچەی بیتوێن و پشدەر، لەبەر ئەوەی وتارەكانی لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ پەخش دەكران، جەماوەرێكی باشی پەیدا كردبوو، لەگەڵ خەڵك و لایەنەكان لەبار و گونجاو بوو، دوژمنێكی شەخسی نەبوو“.