سەرۆك مەسعود بارزانی، ئهمڕۆ سێشەممە 8ـی ئادار/ مارسی 2022 لە سەلاحەدین پێشوازی لە گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراق و ھەنگاوە دەستوورییەکانی پێکھێنانی حکومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کران.
ھەر لەو کۆبونەوەیەدا باڵیۆزی کەنەدا جەختی لە گرنگی پێگەی ھەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی پێزانینی بۆ قوربانیدانی گەلی کوردستان لە شەری داعش و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان ھەیە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و زانستی و ئەکادیمی نیشاندا. ھەروەھا سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی کەنەدای لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان لە ڕۆژانی تەنگانەدا کرد.
بەرز ڕاگرتنی پێگەی ئافرەت لە کوردستان و فراوانکردنی بەشداریی ئافرەت لە کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە تەوەری تری ئەو دیدارەبوون.