بۆچی بافڵ تاڵەبانی  دەیەوێت ئەژی ئەمین لەکارەکەی دوور بخاتەوە؟

لەچەند رۆژی ڕابردوودا بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەژی ئەمین، بەرپرسی دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپۆستەکەی دوورخراوەیەوە. بەڵام ئێوارەی 24ی شوبات، قوباد تاڵەبانی، ئەو گۆڕانکارییە ئەمنیانەی ڕاگرت کە بافڵ تاڵەبانی بڕیاری لەبارەیانەوەدابوو.

هۆکاری سەرەکی نیگەرانییەکانی بافڵ تاڵەبانی لەو بەرپرسە ئەمنییەی حیزبەکەی گومانە لەکۆمەڵێک کاری ئەژی ئەمین کە لەماوەی هەشت مانگدا ئەنجامی داون.

بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ دەست بەکار بوونی ئەژی ئەمین، وەک بەرپرسی ئەو دەزگایە، دەستکراوەی دەکات لە ئەنجامدانی هەموو گۆڕانکارییەک و پێی ڕادەگەیەنێت هەموو ئەو کەسانەی پێشتر لەو دەزگایە بەرپرسیارێتییان هەبووە لە کارەکانیان دووریان بخاتەوەو کەسانی نوێ لە شوێنیان دابنرێت، بەڵام ئەژی ئەمین زۆربەی گۆڕانکارییەکانی دواخستووەو پێی وابووە ئەوانە کادیری ئەم دەزگایەن و کادیر بەئاسانی دروست نابێتەوە کە بتوانێت ئەو کارانە ڕابپەڕێنێت. بۆیە لەم کارەیدا بافڵ تاڵەبانی، گومان لەسەر ئەژی ئەمین دروست دەکات. بەتایبەت کە بافڵ تاڵەبانی لای کەسە نزیکەکانی باسی ئەوەی کردووە کە ئەو وەک شەخسی خۆی هیچ خۆشی لەو دەزگایە نایەت و ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ ئەو دەزگایە هەیە، چونکە لاهور شێخ جەنگی لە ڕێگەی کادیرانی ئەو دەزگایەوە کۆنتڕۆڵی دواین کۆنگرەی ئەو حیزبەی کردبوو، توانیبووی دەست بەسەر تەواوی یەکێتیشدا بگرێت.

یەکێکی دیکە لە گومانەکانی بافڵ تاڵەبانی لەئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری، دروستکردنی هێزێکی تایبەت بووە، لەلایەن ئەژی ئەمینەوە لەژێر ناوی ئەوەی ئەو هێزە تایبەتەی پێویستە بۆ پاراستنی دەزگای زانیاری و لە ماوەی ئەو هەشت مانگە هێزێکی فراوان و تایبەتی ڕاهێنراو پێکدەهێنێت بۆ دەزگای زانیاری. ئەمانە بوونەتە کێشەی بنەڕەتی لەنێوان هەر یەک لە ئەژی ئەمین و بافڵ تاڵەبانی.بۆیە ئێستا بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت ناوبراو لەپۆستەکەی دوور بخاتەوە.

ژێدەر

بوار نیوز

ھەواڵی زیاتر