ئەمڕۆ چوارشەممە 23 ی شوباتی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران،کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران، بۆ وڵاتی قەتەر و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن خستەڕوو. سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، کە لە هەموو دیدارەکانماندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دەربارەی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان ڕوونکردەوە و جەختمان لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا .
پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕۆژی 2022/2/15 کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان . دوای گفتوگۆی چڕ و هەمەلایەنەی بڕیارەکە، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بە نادەستووری ونادادپەروەرانە دادەنێت و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی ھەروەک لە دەستووری عێراق جێگیرکراون کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە ساڵی 2005 دەنگیان بەو دەستوورەدا .لە هەمانکاتدا، حکومەتی هەرێم هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.
لە دوا بڕگەی کارنامەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران، ڕەشنووسی ڕۆژمێری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد کە لە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو.
هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەخۆشی لە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئومێد سەباح کرد بۆ کۆچی دوایی پووری.