پرۆژەیەك پێشكەشی شارەوانی سلێمانی كراوە بۆئەوەی باخی گشتی سلێمانی بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی.
بە پێی بەدواداچونەكان پرۆژەیەك پێشكەشی شارەوانی سلێمانی كراوە بۆئەوەی باخی گشتی سلێمانی بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی، لە پرۆژەكەدا هاتووە، شوێنی باخی گشتی سلێمانی كە (12) دۆنمە بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی و نهۆمی ژێرەوەی بكرێتە گەراجی ئۆتۆمبێل و نهۆمەکانی سەرەوەش بۆ هۆتێل و چێشتخانە.
باخی گشتی دەكەوێتە سەرەتای شەقامی سالم، بەرامبەر هۆتێل سلێمانی پاڵاس لە ساڵی 1937 بونیاداراوە لەسەر ( ١٢ )دۆنم زەوی، كۆنترین و جوانترین باخچەیە لە شاری سلێمانی و پڕ سەوزاییە، پەیكەری ( چوار ئەفسەرە شەهیدەكە ) لەبەردەم باخی گشتی دانراوە، لە دەروازەكەیەوە پەیكەری كۆمەڵێك لە شاعیر و هونەرمەندان دانراوە، لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتیانی زۆر رووی تێ دەكەن.
درەختەكانی ئەم باخە بریتین لە ( توو، سورەچنار، سنەوبەر، قەزوان و هەندێك) لەو درەختانە بتەمەنیان ٤٥ بۆ ٦٥ساڵەو لەبەردەركی سەرا تا دووڕیانەكەی سەرچنار سەربە باخی گشتی یە.
باخی گشتی شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٣٧ بونیادنراوە لەلایەن موتەسەریفی ئەوكاتی سلێمانی (مەجید یاقوبی). مەحمود ئەفەندی کە خەڵكی سلێمانی بووەو ئەندازیارو سەرۆكی شارەوانی ئەوكاتە بووە سەبارەت بە شێوازی دروستكردنی ئەم باخەو كاركردن تێیداو ئەو كاتەی كە ئەم باخە دروستكراوە دەڵێت: ئەم ناوچەیە شوێنێكی چۆڵەوانی و قەراغ شاربووە تەنها گەڕەكەكانی ئابڵاخ و كانێسكان هەبوون، هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم ناوچەیەش بۆ دروستكردنی باخێكی لەم شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی سەرچاوەی ئاوی كارێزی كانێسكان بەم ناوچەیەدا تێ پەڕبووە و توانراوە بۆ باخداری سودی لێ وەربگیرێت .
ژێدەر: درەو