میسال ئالوسی بۆ به‌رهه‌م ساڵح: خۆت نه‌كه‌یته‌ سه‌ری رمی گرووپه‌ میلیشیاكان

میسال ئالوسی، سیاسه‌تمه‌داری عێراق گوتی: كۆمه‌ڵێك له‌و لایه‌نانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا به‌شدارییان كرد، نه‌یانتوانی سه‌ركه‌وتوو بن، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و چه‌كیان هه‌ڵگرت، هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌یزران و چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی تیرۆرستییان دا، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌و قۆناغه‌یه‌ كه‌ هه‌موو عێراقییه‌كان هیوای بۆ ده‌خوازن و داواشی له‌ به‌رهه‌م ساڵح كرد، چیتر خۆی نه‌كاته‌ سه‌ره‌ رمی میلیشیاكانی ئیتاری ته‌نسیقی و گوتیشی: هۆشیار زێباری كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌رگیز ملكه‌چی گرووپه‌ میلیشیاكان نه‌بووه‌.

ئالوسی له‌كاتی میوانداری له‌ بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان24 دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كان ئه‌وكات جۆرێك له‌ شڵه‌ژانی هێنایه‌ ئاراوه‌، ئێستاش به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی به‌هێزه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ گۆڕه‌پانی سیاسی، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ی كه‌ كردوویه‌تی، به‌ڵكو له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و دۆخه‌ ناسه‌قامگیره‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌یه‌وێت ئه‌نجامدانی چاكسازی و ده‌ستپێكێكی نوێ، ئه‌وه‌ی عێراقییه‌كانیش ده‌یانه‌وێت، خۆی له‌ ده‌ستپێكێكی نوێدا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ش كه‌ ئێستا سه‌رۆك بارزانی به‌ سه‌نگێكی گه‌وره‌ی سیاسی و سه‌نگی پارتی و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌ستپێكێكی نوێ، كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی نوێیه‌ له‌ عێراق و ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر بوار بۆ یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كان نه‌ماوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: سه‌رۆك بارزانی به‌ به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژووییه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و جووڵه‌ ده‌كات و هیوادارین كه‌سانی دیكه‌ش په‌یڕه‌وی هه‌مان هه‌نگاو و ستراتیژیه‌ت بكه‌ن.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و كێشه‌یه‌ی باس ده‌كرێت،‌ ته‌نها له‌ناوماڵی شیعه‌دا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و كێشه‌یه‌ی هه‌یه كێشه‌ی نێوان عێراق و ئێرانه‌، كێشه‌ی نێوان گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێیان بۆ عێراق ده‌وێت، كێشه‌ی نێوان براوه‌كان و دۆڕاوه‌كانه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌و گرووپ و لایه‌نانه‌ی له‌ 2003ـه‌وه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ و وه‌لائیان بۆ ئێران هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان شكستیان هێنا، ئه‌وانه‌ی دۆڕاون، ئه‌وانه‌ن كه‌ نه‌یانتوانی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات سه‌ركه‌وتوو بن، ئه‌وانیش ئه‌وانه‌ن كه‌ باڵی ئێرانن.

ئالوسی گوتی: له‌كاتێكدا دۆخێكی ناسه‌قامگیر له‌ عێراق به‌هۆی گرووپه‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران هه‌یه‌ و له‌‌ عێراقه‌وه‌ هێرشی سه‌ر ئیمارات و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئێمه‌ سوپاسی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ین كه‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ن، ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ ژیان له‌ عێراق بڕه‌خسێت، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ میلیشیاكان ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ژیانیان تێكداوه‌.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش، كه‌ ئایا پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ كه‌‌ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تێیدا به‌شدار نه‌بن، ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت؟ میسال ئالوسی گوتی: به‌ڕای من لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی “به‌ فشار و تیرۆر” كۆكراونه‌ته‌وه‌، میلیشیاكانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌نه‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، كه‌ ئیراده‌یه‌كی ناده‌ستووری و نادیموكراسی له‌ عێراق هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌یه‌وێت، ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، بۆیه‌ من داوا له‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌كه‌م، له‌ ركابه‌رییه‌كه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكشێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ سه‌ری رمه‌كه‌ بۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و گرووپه‌ میلیشیاكان، چونكه‌ ئه‌مانه‌ دۆڕاون و زۆرینه‌یه‌كی په‌رله‌مانیش هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێستا سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێیه‌ و موقته‌دا سه‌در، كه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، داوای ژماره‌یه‌ك خاڵی نوێ ده‌كات، له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ پیاده‌كردنی ئیراده‌یه‌كی نوێیه‌ بۆ ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ.

k24

ھەواڵی زیاتر