تەنیا 11 رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی کە بەپێی دەستوور دەبێت سەرۆککۆماری عێراقی تێدا هەڵبژێردرێت. ئەو پۆستەی کە وەکو عورفێکی سیاسیی پشکی کوردە، دوو لایەنە سەرەکییەکەی کوردستان کەوتوونەتە ململانێیەکی قووڵی سیاسییەوە بۆ بەدەستهێنانی و ئێستا لە بەغداوە کاری بۆ دەکەن.
لە سێ خولدا، پارتی و یەکێتی بە رێککەوتن و سازان، یەک بەربژێریان هەبوو کە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام لە خولی رابردوو، ئەو سازانە نەما و هەریەکەیان بەربژێرێکیان هەبوو، دواتر بە دەنگی پەرلەمانتاران، بەربژێری یەکێتی سەرکەوت. لەم خولەشدا تائێستا ئاماژەکان نیشانی دەدەن سیناریۆی خولی رابردوو دووبارە دەبێتەوە.
ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو شاندی باڵایان لە بەغدایە، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێبارییە، کە بەربژێری سەرۆککۆماری عێراقیشە، شاندەکەی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی حیزبەکەیە.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، شاندەکەی یەکێتی هێشتا لە بەغدان و لە دانوستاندندان، ناکرێ کارنامەی سەردان و کۆبوونەوەکان باسبکرێن، چونکە نهێنین، بەڵام لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆدەبنەوە.
هاوکات رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، “شاندەکەمان بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری بەردەوامە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، هەنگاوی یەکەمی گفتوگۆکان نراون و نەخشەی سیاسیی روونە و دەزانین کام هێزانە زۆرترین کاریگەرییان هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە کۆتایی”.
چانسی کامیان زیاترە، هۆشیار زێباری یان بەرهەم ساڵح؟
پارتی و یەکێتی، هەردووکیان گەشبینن بە سەرکەوتنی بەربژێرەکانیان، بەڵام بە پێوەری یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی ئومێدی سەرکەوتنی زیاترە، چونکە بەربژێرەکەی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، بەبێ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە، 180 دەنگی بەدەستهێنا.
شاندی یەکێتی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەنجامەکان بۆ یەکێتی دڵخۆشکەرنین، چونکە دەنگەکانی یەکێتی کەمن و بەشی دەرچوونی بەربژێرەکەیان ناکات و گوتیشی: “تاوەکو ئێستا یەکێتی 70-80 دەنگی مسۆگەرکردووە، بەڵام لە بەرامبەردا پارتی دەنگی سەدرییەکان کە 73 دەنگە، دەنگی سوننەکان کە نزیکەی 70 دەنگە لەگەڵ دەنگی خۆی کە 31 دەنگە، مسۆگەر کردووە و هەردوولاش بەردەوامن لە هەوڵەکانیان”.
بەڵام لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو ژمارانە بە نافەرمی و ناڕاست زانی و گوتی: “ئەو لایەنانەشی لەگەڵ پارتی رێککەوتوون، دۆستی یەکێتین، تاوەکو ئێستاش چاوەڕێی رێککەوتنی کوردن و تەنانەت رایاننەگەیاندووە کە دەنگ بە بەربژێری پارتی دەدەن”.
لەتیف نێروەیی گوتیشی:”ئێمە گەشبینین بە دەرچوونی بەربژێرەکەمان، هیچ دەنگدانەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی بەربژێری یەکێتی نییە و لە رابردووش کارەکانی سەرۆککۆمار کە یەکێتی بووە، جێگەی رەزامەندی هەموو گەلانی عێراق بووە”.
فراکسیۆنە کوردستانییەکا دەنگ بە کێ دەدەن؟
جگە لە پارتی و یەکێتی، کورد لە بەغدا 14 کورسی دیکەی هەیە، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتوو 4 کورسی و کۆمەڵ یەک کورسی.
تاوەکو ئێستا ئەم فراکسیۆنانە بە فەرمی رایاننەگەیاندووە کە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن. جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: “دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق نهێنییە و جارێ دیار نییە ئێمە دەنگ بەکام بەربژێر دەدەین، ئەوە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب دەبێت، کە دەنگ بەکامیان بدەین، هێشتا لەو بارەیەوە شتێکی وامان تاوتوێ نەکردووە”.
نەوەی نوێ کە خاوەنی 9 کورسی پەرلەمانە، بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە. بەڵام دوێنێ چوارشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2022، هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: “سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆککۆمار کە ئایا کاندیدی نەوەی نوێ بەردەوام دەبێت یاخود جوڵانەوەکە بڕیارێكی تر دەدات”.
هاوکات ئومێد محەممەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی:”ئێستا هەموو لایەنەکان بۆیان دەرکەوتووە کە نە بەرەی سەدر و نە چوارچێوەی هەماهەنگی، بەبێ ھاوپەیمانی لە پێناو خەڵک، ناتوانن تەنانەت رێژەی یاسایی دانیشتن بۆ پرسی سەرۆککۆمار تەواو بکەن، بۆیە هەمووان ئێستا چاوەڕێی هەڵوێستی نەوەی نوێن تاوەکو ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە”.
کۆمەڵی دادگەری کوردستانیش کە خاوەنی یەک کورسییە، تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەوبارەوە رانەگەیاندووە.
لێکەوتەکانی بوونی دوو بەربژێر لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە چین؟
زیانەکانی هەبوونی دوو کاندید لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە، لەلایەن خودی ئەو حیزبانەشەوە ناشاردرێتەوە و پێیانوایە باشترین بژارە بۆ کورد، هەبوونی بەربژێرێکی هاوبەش بوو.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێ:”لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، بژارەی سێیەم نییە، یان پێکەوە بە یەک بەربژێر، یان هەر یەکە و بەربژێرێکی هەبێت. رێککەوتنی پارتی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی، رێککەوتنە لەسەر مەبدەئی زۆرینە، ئەمە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، لە داهاتوو تەنانەت زیان بە پارتیش دەگەیێنێت”.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش دەڵێ: “بوونی دوو بەربژێر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار خراپە، چونکە ئێستا نێو ماڵی سوننەکان رێکخراوە، نێو ماڵی شیعەکانیش هەرچەندە پەرتەوازەیە، بەڵام رێکدەخرێتەوە، دەمێنێتەوە نێو ماڵی کورد کە ئەگەر بەم پەرتەوازەییەوە بچنە بەغدا ئەوا بۆ پرسی کورد کێشەکانمان و مافەکانی کورد زۆر خراپ دەبێت”.
جەمال کۆچەر پێیوایە لەم خولەدا کورد زیاتر پەرتەوازە بووە و دەڵێت: “جاران لە بەغدا یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزیسیۆن بووین، ئێستا یەکێتی بە جیا و پارتی بەجیا و لایەنەکانی دیکەش هەریەکەیان بەجیان، ئەمە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی زۆری دەبێت لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان”.
لەتیف نێروەیی ئاماژە بەوە دەکات، “ئەم گرفتە وەکو پچڕانی تەسبیح وایە، هەموو موورووەکان بەدوای یەکدا دەکەونە خوارەوە، واتە گرفتەکان لە بەغداوە بۆ هەولێر بەدوای یەکدا ریز دەبەستن و بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەبێ”.
هاوکات رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە بەغدا رایگەیاند، “لە 2018 کاتێک بەربژێری پارتی دەرنەچوو، راستە گرانبوو بۆ ئێمە، بەڵام لایەنی خێربووین و نەبووینە هۆی ئاڵۆزی و بەشداریمان لە حکومەتدا کرد و پشکی هاوبەشەکانی خۆشمان دا. لەمەودواش دەبێ لایەنەکان بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ پارتیدا بکەن. پارتی لە 2014-2018 بەرزترین پۆستی خۆی کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو، دایە گۆڕان بەبێ ئەوەی هیچ منەتێک بکات بەسەر خەڵک و لایەنەکانیش”.
هیچ دەرفەتێک بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی ماوە؟
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ، وا باسدەکرێ کە سەرۆککۆمار لایەنگری یەکێتیی بووە لە دژی بەرژەوەندییەکانی پارتی، بەڵام مرۆڤ دەبێ بە ئینسافەوە قسە بکات، پێشتر کە مام جەلال سەرۆککۆماری عێراق بوو، کاک مەسعود بۆ هەر پرسێک کە دەچووە بەغدا، سەرەتا لەگەڵ مام جەلال لەسەر پرسەکان رێکدەکەوتن و ئەوکاتەش رێککەوتن ئاسان بوو، دواتریش کە بەڕێز فوئاد مەعسووم بووە سەرۆککۆمار، بەهەمانشێوە کە دەهاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەردانی هەولێری دەکرد و لەسەر کۆی پرسەکان لەگەڵ کاک مەسعود گفتوگۆی دەکرد، ئینجا دەچووە سلێمانی. بەڵام لە ساڵی 2018 کە یەکێتی د.بەرهەم ساڵحی بەربژێرکرد، پارتیش بەربژێری خۆی پێشکەشکرد کە بەڕێز فوئاد حوسێن بوو، ئەمەش لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا یەکلایی بووەوە.
لەتیف نێروەیی دەڵێت: “ئێمە تاوەکو ئێستاش دەرگای دانوستاندنمان دانەخستووە، بەو مەرجەی رێککەوتنی کۆنکرێتی هەبێت، ئێمە و پارتی دوو جار سازانی سیاسیمان هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە لەدوای راپەڕینەوە کردوومانە، لە پەراوێزی هەموو رێککەوتننامەکانیش، سازانمان هەبووە و نەیهێشتووە بەریەککەوتن رووبدا”
بەڵام رێناس جانۆ دەڵێت: “پارتی هەر لە سەرەتاوە خوازیاری یەکڕیزی بووە، لە ساڵی 2014 پارتی بەربژێری کوردی لەناو فراکسیۆنە کوردییەکان یەکلاییکردەوە کە بەڕێز فوئاد مەعسووم بوو، دواتریش بە تێکڕای دەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەرچوو، لە 2018ش پارتی هەمان داوای هەبوو بۆ ئەوەی هەموو لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ بین، بەڵام هەندێ لایەن پێدارگیرییان کرد کە ئاوا نەبێ، ئەمجارەش بەهەمانشێوە، ئێمە وەکو پارتی بە مافی دەستووری خۆمانی دەزانین و تاوەکو دوا سات پاڵپشتی لە بەربژێرەکەمان دەکەین، بۆ سازانیش، پارتی هەموو کاتێک ئامادەبووە”.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات
کۆبوونەوەکانی شاندی یەکێتی لە بەغدا کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، ئەنجامی دڵخۆشکەریان نەبووە بۆ حیزبەکە، لەبەرئەوەشە کە کۆبوونەوەکانیان دوور لە چاوی کامێراکان دەکەن.
هەرچەندە لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بە تێکڕای دەنگ، بەرهەم ساڵح، وەکو بەربژێری فەرمی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاریکرا، بەڵام بۆ بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنەکە جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە.
دوای گەڕانەوەی شاندەکەی یەکێتی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکان تاوتوێ دەکات و رەنگە لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆماریشەوە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە تێیدا دەنگ بە بەربژێری فەرمی یەکێتی درا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بڕیاردرا کە رۆژی شەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەندامانی سەرکردایەتی بە فەرمی ئاگادارنەکراونەتەوە و بافڵ تاڵەبانیش، بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە بەغدایە.
ژێدەر
رووداو