لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ.. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق سەرکۆنە دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21ی کانوونی دووەمی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بە توندی هێرشی تیرۆریستیی چەکدارانی داعشی بۆ سەر سوپای عێراق لە پارێزگای دیالە سەرکۆنە کرد.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکوومەت وێڕای شەرمەزارکردنی پەلامارە تیرۆریستییەکە، پرسە و هاوخەمی خۆیشی بۆ شەهیدبوونی 11 سەربازی عێراقی کە لە ئەنجامی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش شەهید بوون، بە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ گەیاند و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر چڕکردنەوە و برەودانی زیاتر بە هاریکاریی و هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.