هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاریی خستەڕوو تایبەت بە ڕێکخستنەوەی بابەتەکانی رۆزنامەی کشتوکاڵی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی کشتوکاڵی و پیشەسازی، بەجۆرێک کە ڕێگەبگیرێت لە سوودمەندبوونی ناڕەوا و لە بەرژەوەندیی کەرتی تایبەتی خۆماڵیی و جووتیاران و خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵیی و پیشەسازییەکان ڕێکبخرێتەوە، هەروەها پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونی گومرگی پڕۆژەکان و بەدواداچوونی کاری دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بە ئاراستەی برەودان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییەکان لەم بوارانە، لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا و خزمەتی هاووڵاتیيان و پشتیوانی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنان.
لە دوای گفتوگۆ کردن، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی لیژنە وەزارییەکەی پەسەندکرد بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڵاڵەکردنی چارەسەرەکان کە هەر وەزارەتێک لەگەڵ هاوتا فیدڕاڵيیەکەی لە پەیوەندی و کۆبوونەوە بن تاوەکو بڕیارەکانی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕۆزنامەی کشتوکاڵی و لێخۆشبوونە گومرگییەکان بە هەماهەنگی دەربچن دوای پەسەندکردنیان لە ئەنجومەنی وەزیران، بەجۆرێک هەموو لایەک پێیانەوە پابەند بن بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەردوو لا لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکان.
لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران ئەو پێشنیارانەی پەسەند کرد کە خرانەڕوو بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتیان لە دانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆیانە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، تا وەک داهاتی گشتی جارێکی دیکە خەرجبکرێتەوە بۆ خەرجییە گشتیەکان و بەرژەوەندیی هاووڵاتیيان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، کە پێشنیارەکان بریتی بوون لە داشکاندنی ڕێژەی ١٥٪ لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاووڵاتییانە وەک پێشینە خانووبەرە و و سندوقی نیشتەجێبوون و پێشینەی هاوسەرگیریی و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری بە مەرجێک هاووڵاتییان ئامادەبن تا ٩٠ ڕۆژی کار لە ڕێکەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەواوی بڕی پێشینەکانی بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، ئەم داشکاندنە بە ڕێژەی ١٥٪ پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ( شارەوانییەکان، گەشتوگوزار، ئاو) و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، هەروەها لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و ڕەسمی کەڵەکەبوو بەمەرجێک تەواوی باج و ڕەسم بدرێت بە حکومەت لە ماوەی هاتوو لە بڕگەی سەرەوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێدان و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بە شێوازی قیستیشەوە بۆ پێدانی باج و ڕەسمی کەڵەکەبوو، بە مەرجێک داواکاریی بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت لە ماوەی دەستنیشانکراو.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان وردەکاری پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو – له چوارچێوهی ههوڵهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی نهوتی سپی، ئاماژەیدا بەوەی کە وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگيی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بهردهوامن له دابهشكردنی نهوت بهسهر سهرجهم هاووڵاتیاندا و تاكو ئێستاش نزیکەی ٦٧,٢٤٨,٩٨ ملیۆن لیتری دابین كردووه، و تا ڕێکەوتی ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بڕی (٢٨,٢٣٢,١٢٦) ملیۆن لیتر بۆ هەولێر دابین کراوە و لهو بڕهش (٢٣,٦٩٠,٨٠٠) ملیۆن لیتر بهسهر ناوچه شاخاوییهكانی (چۆمان، ڕواندز، سۆران، مێرگهسۆر، شهقڵاوه) دابهشكراوه و ههروهها بڕی (٥,٨٢٧,٨٠٠) ملیۆن لیتر بهسهر دهورووبهر (واتە خهبات و بنهسڵاوه) دابهش كراوه، بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە تاكو ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی (١٨,٢٥٣,٠٩٦) ملیۆن لیتر دابینکراوە و لهو بڕهش (٨,٠٤٤,٠٠٠) ملیۆن لیتر بهسهر ناوچه شاخاوییهكانی پێنجوێن، قهڵادزێ، هێرۆ، ههڵشۆ، شارباژێڕ، قهرهداغ و دوكان دابهش كراوه و ( ٦,٨٢٦,٠٠٠) ملیۆن لیتر له سهنتهری شار دابهشكراوه و (١,٨٥٢,٠٠٠) ملیۆن لیتر له ناوچه شاخاوییهكانی پارێزگای ههڵهبجەش دابهشکراوه.
لە پارێزگای دهۆكیش تاکو ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی (١٩,٢٤٨,٧٨٠) ملیۆن لیتر دابینکراوە و لهو بڕهش (١٣,٣٧٨,٤٠٠) ملیۆن له ناوچه شاخاوییهكانی ئامێدی، زاخۆ، ئاكرێ، دهۆك و شێخان دابهش كراوه و له دهورووبهریش واتە (ئاكرێ، سێمێل، بهردهڕهش و شێخان) بڕی ٦,٠٢١،٢٠٠ ملیۆن لیتر دابهش كراوه.
بەپێی خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ههر خێزانێك ٢٠٠ لیتری پێ دهدرێت به نرخی ٥٥ ههزار دینار کە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومهتی ههرێمی كوردستانەوە دابین دەکرێت و نهوتهكهش له بهرزترین ئاستی كواڵێتیدایه.
ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانەسروشتیەکان، جەختی کردەوە لە وەزارەت کە پەلە بکەن لە گەیاندنی ئەو نەوتەی کە لە عەمبارەکاندایە بە هاووڵاتیان بە پێی ژمارەی دانیشتووان و شایستەبوونی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی لە پەیوەندی بەردەوام بن بۆ دابینکردنی نەوتی سپی.