لەنێوان سێ پۆستە سەرەکییەکەی عێراق، “کۆمار، پەرلەمان و حکوومەت” تەنیا پۆستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکلا بووەوتەوە. مەشعان جبووری پەرلەمانتاری عێراق، دەلێت” پۆستی سەرۆککۆمار بۆ هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلا دەبێتەوە و ٢٠٠ دەنگی جێگیر هەیە”.
گفتوگۆی پێهێنانی حکوومەت و یەکلاکردنەوەی پۆستەکان لەعێراق، بەردەوامیان هەیە. لەو بارەیەوە ئەمڕۆ سێشەم ١٨ی کانوونی دووەم ٢٠٢٢، مەشعان جبووری ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەهەژماری خۆی لەتویتەری رای گەیاندوە، گێمی یەکەم بە هەڵبژاردنی دەستەی نوێ سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆتایی هات.
روونی کردوەتەوە کە لە گێمی دووەم بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ هۆشیار زێباری ئەو پۆستە یەکلا دەبێتەوە و ئەوەی تا ئێستە دەنگی ٢٠٠ ئەندامی پەرلەمان بە جێگیر ماوەتەوە.
لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران نووسیوویەتی، سەرۆکوەزیران لە سەدرییەکان دەبێت و ئەو بەرنامەیە جێبەجێ دەکات کە هاوپمانییەکەی سێ قوڵییەکەی لەسەر پێکهێنراوە.
هەر سێ لایەنی براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکەی ١٠/١٠/٢٠٢١ عێراق، کە هەر یەک لە رەوتی سەدر بە ٧٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٣١ کورسی و هاوپمانی تەقەدوم بە ٣٧ کورسی، لێک تێگەیشتن و هەندێک زانیاری باس لە رێککەوتنی نووسراوی دەکەن پێکیانهێناوە. بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە وەک ئەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت: ” حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی”.
هاوکات ماوەی چەند رۆژێکە هەر یەک لە ئیسماعیل قائانی فارماندەی فەیلەقی سوپای قودسی ئێران و محەمەد کەوسەرانی بەرپرسی حزب لله لبنانی و بەرپرسی دۆسەی شیعەکانی عێراق، لە بەغدان بۆ یەکخستنی نێوماڵی شیعە کە بەسەر بەرەی سەدر و چواچێوەی هاوهانگی دابەش بوون. بەڵام تا ئێستە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، سوورە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی.