هەڕەشەی داخستنی دەرگای گردەکە بەڕووی بەرپرسانی گۆڕاندا دەکرێت

“گروپی لۆبی”، كە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوون، هەڕەشەی داخستنی دەرگای گردەكە (مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لەسلێمانی) دەكەن.

بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی جێگەی داواكاری‌و خواستەكانی ئەوان لەو لیژنەیە نەكراوەتەوە، كە بۆ ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی دروستكراوە، ئەندامانی “گروپی لۆبی” هەڕەشەی داخستنی دەرگای گردەكەیان لە بەرپرسانی گۆڕان كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو گروپە ماوەی 48 سەعاتیان داناوە بۆ جڤاتی نیشتمانی، بەوەی داواكارییەكانیان جێبەجێبكرێت، بە پێچەوانەوە رێگە بەكەس نادەن هاتووچۆی گردەكە بكات‌و دەرگا بەڕووی هەموو سەركردەكانی گۆڕان دادەخەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی 2ی كانوونی دووەم، جڤاتی نیشتمانی لیژنەیەكی حەوت كەسی پێكهێنا، ئەوەش بۆ ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەكە، كە بڕیارە لە 26ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.

“گروپی لۆبی” لەلایەن چیا نەوشیروان مستەفاوە پێكهێنراوە، ئەوەش بەئامانجی جێبەجێكردنی خواست‌و داواكارییەكانی بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان.

ژێدەر

بوار نیوز

ھەواڵی زیاتر