بۆچی گۆڕان لە حکومەت ناکشێتەوە؟

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی عێراق، هیچ کاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان دەرنەچوو، ئەو بزوتنەوەیە چەند پێشنیارێکیان بۆ خۆ ڕێکخستنەوە کردووە، لەوانە کشانەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی.

بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، بەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی ناو حیزبی بزوتنەوەی گۆڕان، پێشنیاریان کردووە کە گۆڕان لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە، بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن تیمی گۆڕان لەناو حکومەت رەتکراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، وەزیرەکانی گۆڕان و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە حیزبەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئەوانیش بڕیاری کشانەوە بدەن، ئامادەنین بچنە ژێر باری ئەو بڕیارە و بکشێنەوە.

تائێستا گەورەترین مشتومڕی نێو بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتییە. چیا نەوشیروان مستەفا، بە نیازە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای پاڵپشتی لە سەرانی حیزبەکەی و یەکێتی و پارتی کردووە. بەڵام پرسی موڵکداری گردی زەرگەتە لەنێوان کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و حیزبی گۆڕانەوە، بووەتە بەربەست لە بەردەم ئەو پرۆسەدا.

بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا بەبێ رێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنە و کارەکانی لەلایەن جڤاتی گشتییەوە ڕایی دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر