دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لەبارەی نقوومبوونی سێ بەلەمەکەی دەریای ئیجە لە چەند رۆژی رابردوودا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 23 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن و 9 کەسیش تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت ” بەداخەوە لە چەند رووداوێکی جیاوازی کارەساتبار و ژێرئاوکەوتنی یەختی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەرانی کورد بوونەتە قوربانی و ژمارەیەکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا بیسەروشوێنن.”
سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاماژە بەوە دەدات کە لە رووداوی 21-12-2021ی دەریای ئیجە نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنان “23 کۆچبەر کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن بیسەروشوێنن و 7 کۆچبەریش رزگاربووی رووداوەکەن کە 4 کەسیان لە بنکەی پۆلیس ماونەتەوە 1 منداڵیش لەژێر سەرپەرشتیاری خێزانیکی یۆنانیدایە 2 کەسیش ئازادکراون.”
سەبارەت بە رووداوی نقوومبوونی بەلەمەکەی رۆژی 23-12-2021ی دەریای ئیجە، ئاری جەلال دەڵێت “9 کۆچبەر کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ ئەسینا و 57 کۆچبەریش رزگاربووی رووداوەکەن کە ئێستا لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن) لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە.”
هەروەها لە رووداوی 24-12-2021ی دەریای ئیجە نزیک دوورگەی پارۆسی یۆنان 16 تەرم دۆزراوەتەوە. سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیێنێت کە “هیچ کەسیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق نین.”
بەگوتەی ئاری جەلال تاوەکو ئێستا ئەوان لە پەیوەندیدان تاوەکو سەرجەم زانیارییەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە یۆنان بکات “لەپێناو ئەوەی تەرمی هیچ کۆچبەرێکی کورد بەخاک نەسپێردرێت و بگەڕێندرێتەوە زیدی باوباپیرانیان.”
ئەو 57 کۆچبەرەیشی کە رزگاریان بووە لە کەمپێکی ئەسینان و ئاری جەلال دەشڵێت ” لیژنەیەک لە باڵیۆزخانەی عێراق سەردانی ئەو 57 کۆچبەرە دەکەن کە لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن)ـن.”
ئاری جەلال سەبارەت بە گەڕانەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانەی کە لە رووداوەکەدا خنکاون دەڵێت “لەگەڵ جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و هاوڕابوون و رێککەوتن لەسەر یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانەکان و گەڕان و بەدواداچوونی زیاتر لە سەر پێشەوشوێنبووانی رووداوەکانن.”