وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری دەکات

ئامادەکاریەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕۆژانی پشووی جەژنی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی 2022 لە هەرێمی کوردستان.

بەبۆنەی سەری ساڵی زاینینی و جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، پیرۆزبایی لە کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و پزیشکان و پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم هاووڵاتیان دەکەین، هیواخوازین ساڵی ئایندە ببێتە ساڵی خۆشگوزەرانی و هیوای تەندروستیەکی باش بۆ هەموولایەک دەخوازین.
هاووڵاتیانی بەڕێز و دام و دەزگاکانی تەندروستی ئاگاداردەکەینەوە کەوا ڕۆژانی پشووی فەرمی هەمان ڕۆژانی پشووی ڕاگەیاندراوە کە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی (٢٥/١٢/٢٠٢١) دەست پێ دەکات تاکوو (٢/١/٢٠٢٢) کە یەکەم ڕۆژی دەوام دەبێت بۆ ئەم مەبەستە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستیەکان رادەسپێرێت کە تەنها ئێشکگری دەبێت بۆ کارئاسانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی بەپێ ی ئەم رینماییانەی خوارەوە:.
١- پابەندبوون بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە بەستنی ماسك و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە قەرەبالغی و بایەخدان بە پاکوخاوێنی تاك بەتایبەت دەست شوشتن.
٢- پابەندبووون بە وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن هاووڵاتیان لە سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین .
٣- لە ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ سەرجەم سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین کراوە دەبێ بۆ پێشوازی لەو هاووڵاتیانەی کە مەبەستیانە ڤاکسین وەربگرن.
٤- فریاکەوتنەکان (٢٤) کاتژمێرکراوە دەبن بەشێوەی ئێشکگری.
٥- دەوامی نەخۆشخانەکان بەشێوەی ئێشکگری دەبێت.
٦- نۆرینگە دەرەکیەکان کراوە دەبن لە ڕۆژانی پشوو.
٧- ڕاوێژکارییە (٢٤) کاتژمێرییەکان کراوە دەبن بە پێ ی خشتەی دەوامکردنیان لە لایەن بەڕێوەبەرایتیە گشتیەکان دیاری دەکرێت.
٨- سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە بەردەوام کراوە دەبێت بەشێوەی ئێشکگری کە لەلایەن بەڕێوەبەرایتیە گشتیەکان دیاری دەکرێت.
٩- تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بەشێوەی (٢٤) کاتژمێری وە بەهۆی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
١٠- لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

١١- تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازرەوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان.
١٢- پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوەرەکان لە کەمپەکان بەردەوم دەبێت.
١٣- پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێ ی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری لە ڕۆژانی پشوودا.
١٤- هێلەکانی مۆبایلی بەڕێوەبەر و بەپرس و وەرگری بەشەکان کراوە دەبن و وەڵامی پەیوەندیەکان دەدرێنەوە لە ڕۆژانی پشوو.
١٥- لێژنەکانی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکان و نەخۆشخانەکان بەردەوام دەبن بۆ بەدواداچوونی دەوامی نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستیەکان.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کورستان
23 دیسێمبەر 2021

ھەواڵی زیاتر