ڕاگەیەندراوێک لە بەرپرسی خاڵی سنووری پێشخابوورەوە

ماوەی 3 مانگە بە بڕیاری پەکەکە دوو خیوەت لە خاڵی سنووری سێمالکای نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان هەڵدراون و رۆژانە بە زۆرەملێ خەڵکێک تیایاندا کۆدەکرێتەوە و بە بەرزکردنەوەی ئاڵا و هێماکانی پەکەکە و دروشمدان دژ بە هەرێمی کوردستان، هانیان دەدەن.

سەرەڕای هەموو شەڕفرۆشییەکانی پەکەکە، بەڵام لە بەر بەرژەوەندی گشتی و رەچاوکردنی بارودۆخی خەڵکی خۆشەویستی رۆژئاوا، دانمان بە خۆماندا گرت و هیچ کاردانەوەیەکمان نیشان نەدا.

بەڵام بەداخەوە رۆژی چوارشەممە 15ی 12، بەوە نەوەستان و بە زیاتر لە سەد کەسەوە و بە بەرچاوی خەڵک و ئاسایشی سێمالکا و بە مۆلوتۆڤ و بەرد و دار، لە رێگەی پردی نێوان پێشخابوور و سێمالکا، هێرشیان بەرەو خاڵی سنووری ئێمە لە پێشخابوور هێنا. لە ئەنجامی ئەم هێرشەیاندا، ژمارەیەک پاسەوان بە سەختی بریندار بوون و جامەکانی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی خاڵی سنووریشیان شکاند.

مەبەستی پەکەکە لەم کارە، تەنیا نانەوەی ئاژاوە و شێواندنی دۆخی هەرێمی کوردستان و رێگرییە لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان. پێشخابوور تاکە رێگەی هاتن و چوونی خوشک و برایانمانە لەوێ و رێگەی دابینکردنی قووتی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە. بۆیە پەکەکە بەم کارانە و داخستنی خاڵی سنووری پێشخابوور، مەبەستیانە زیان بە خەڵکی سڤیلی رۆژئاڤا بگەیەنن و هەر خۆشیان بەرپرسن لە وەستانی هاتوچۆ و داخستنی ئەم خاڵە سنوورییە.

شەوکەت بەربەهاری
بەرپرسی خاڵی سنووری پێشخابوور

ھەواڵی زیاتر