گردی زەرگەتە کە بە گردەکەی گۆڕان ناسراوە و رووبەرەکەی 122 دۆنمە، زۆرترین قسە و باسی لێوەدەکرێت لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی موڵک و ماڵی ئەو بزووتنەوەیەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا.
بەناوکردن و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەو میراتیانەی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەکە لەدوای خۆی بەجێیهێشتوون لە کۆمپانیای وشەوە بۆ سەر بزووتنەوەکە، بەشێکە لە پلانی هەستانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان.
جەبار نەجیم نامدار، هەڵسوڕاوی گۆڕانە لە هەڵەبجە، دەڵێت، “دەبێت کار لەسەر ئەو پەیڕەو و پرۆگرامە بکەین کە کاک نەوشیروان بۆ بزووتنەوەکە دایناوە، باشترە موڵک و ماڵەکانی گۆڕان بەناوی گۆڕانەوە بن و گردێک شوێنێک بکرێتە قوربانی لەسەر رێبازەی کاک نەوشیروان.”
ناکۆکییەکانی ناوخۆی بزووتنەوەکە، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پێیان وایە دەبێت هەموو ئەو موڵکانە بگەڕێندرێنەوە سەر بزووتنەوەکە و بەشێکی دیکەشیان بەپێچەوانەوە.
سالار محەممەد کە بەهەمان شێوە هەڵسوڕاوی گۆڕانە دەڵێت، “موڵک و ماڵی کۆمپانیای وشە هیی خۆیانە، چونکە پێش گۆڕان بەناوی کاک نەوشیروانەوە بووە، پێش مردنی کراوە بەناوی کەسوکارەکەی و بەناوی خۆیانەوەیە، گۆڕان موڵک و ماڵی ئەوەندە زۆر نییە کە بڵێن دەیان دۆنمە و بەناوی بکرێت.”
کۆمپانیای وشە کە خاوەندارێتیی بزووتنەوەی گۆڕانی لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری بزووتنەوەکە بۆ گەڕاوەتەوە، لە ساڵی 2006 دامەزراوە و لە دووو بواردا کاردەکات، بواری میدیایی و بازرگانی، جگە لە خاوەنداریێتیی بزووتنەوەکە، خاوەنداریێتیی گردی زەرگەتە و بینای چاودێریی دارایی و 20٪ـی کۆمپانیای گاسن دەکات.
بەپێی گوتەی بەشێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بزووتنەوەکە جگە لەوەی خاوەندارێتیی بەشێک لە موڵکەکانی مەکۆی شارەکان دەکات، ئەگەر نا هیچ موڵک و ماڵێکی دیکەی نییە. بەپێی یاسا ئەوەی بەناوی کۆمپانیای وشەوە بێت بۆ میراتگرەکانی نەشیروان مستەفا، کە کوڕەکانین، دەبێت. بەشێکی دیکەی سەرکردەکانی هەمان بزووتنەوەش دەڵێن، گۆڕان بەرنامە و کارنامەکەی لە بەناوکردنی موڵک و ماڵ گەورەترە و دەبێت هەمووی لەو پێناوەدا بەکاربهێندرێت.
رووداو