بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی، واژووی لەسەر گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی كردووە و بڕیارە گۆڕانكارییەكانیش بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی سێ شەممە 7ی كانوونی یەكەم، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی كردووەو لەكۆبوونەوەكەش واژوو لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە كراوە، كە بڕیارە لەناوخۆی حیزبەكە بكرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، گۆڕانكارییەكان لەپێكهاتەی مەكتەبی سیاسیو لێپرسیراو و دەستەی گارگێڕی مەكتەبەكەوە دەستپێدەكاتو بەرپرسی بەشێك لەمەكتەبەكانی حیزبەكەش دەگرێتەوە، ئەمە جگە لەگۆڕانكاری لە بەرپرسی چەند مەڵبەندێكی یەكێتی لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.
لەبارەی وردەكاری گۆڕانكارییەكان، مەكتەبی سیاسی لیژنەیەكی سێ كەسی راسپاردووە، بۆ ئەوەی میكانیزمو وردەكاری گۆڕانكارییەكان دیاریبكەنو دواتریش هەر ئەو لیژنەیە گۆڕانكارییەكان جێبەجێبكەن.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی زیاد دەكرێن بۆ 16 كەسو دەستەی كارگێڕی مەكتەبەكەش دەكرێت بە 5 كەسو لێپرسراوێكی بۆ دیاری دەكرێت.
لەپۆستی مەكتەبەكانیش ئاڵوگۆڕ بە چەند كەسێك دەكرێتو بەرپرسی مەڵبەندەكانی شارەزوورو راپەڕینو چەمچەماڵو كۆیەش دەگۆڕێن، ئەمە جگە لەپەسەندكردنی گۆڕانكارییەكانی مەڵبەندەكانی پارێزگای كەركوك، كە پێشتر كرابوون.
چەند مانگێكەو بەتایبەت دوای رووداوەكانی 8ی تەمووز، كە وادەی تەقینەوەی كێشەكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی بوو، بافڵ تاڵەبانی بەنیازی گۆڕانكارییە لەناوخۆی حیزبەكەیو كار بۆ دوورخستنەوەی كەسانی نزیك لەلاهور شێخ جەنگی دەكات.
ژێدەر
بوار نیوز