ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەهۆی هێرشی گرووپێکی چەکدار، دانیشتوانی گوندی لهێبانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان گوندەکەیان چۆڵکرد و دواتر سوپای عێراق چووە گوندەکە و کۆنیترۆڵیکرد.
حەشدی شەعبی دەیەوێ لهێبان و دەوروبەری داگیربکات
تا ئێستا دیارنییە ئەو هێزەی هێرشیکردووەتە سەر گوندەکە داعشە یان نا، بەڵام باڵکێش زانیویەتی؛ کە هێز و گرووپە جیاوازەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، رۆژ بە رۆژ لە سنوورەکە نزیک دەبنەوە و هێزی تێدا کۆدەکەنەوە، ئامانجیشیان چۆڵکردنی ناوچەکەیە لە کورد.
هەر بەپێی زانیارییەکان، گرووپە جیاوازەکانی سەر بە حەشد، دەیانەوێ تاوەکو کەرکووک کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش راکان سەعید جبوری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووکیان دەست کراوە کردووە بۆ ئەوەی ئەو زەوییانەی کە هی کوردبوون و بەعس دابووی بە عەرەب، جارێکی تر بیانداتەوە. بۆ ئەمەش بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک یاریدەدەرێکی باشیەتی و هەموو کارئاسانییەکی بۆ دەکات.
بیرە نەوتەکانی لهێبان
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی هەوڵدان بۆ داگیرکردنی لهێبان، بوونی ژمارەیەک بیرە نەوتە لەو سنوورە، کە بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش لە 20 بیرە نەوت زیاترن.
بیرە نەوتەکانی ئەو سنورە دەکرێ لە داهاتوودا ببنە سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات، بۆیە حەشد بە پاڵپشتی ئێران، ئامانجیەتی هەموو ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات کە سامانی نەوتیان زۆرە.
پێشمەرگە گەڕایەوە
دوای ئەوەی گوندی لهێبان چۆڵکرا، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە هێزێکی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی کاکەمین نەجاڕ، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە هەولێر گەیشتە گوندی لهێبان. بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، چوونی ئەو هێزە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی بووە.
هەڵوێستی ئەمریکا
باڵکێش لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، کە ئەمریکا درکی بەوە کردووە کە حەشدی شەعبی پلانی داگیرکردنی ناوچەکەی هەیە، بۆیە گڵۆپی سەوزی بۆ چوونی پێشمەرگە هەڵکردووە و بڕیارە لەمەودواش لەو سنوورە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا بکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش. هەروەها داوای کردووە بە زووترین کات لیوا هاوبەشەکان لەو سنوورە جێگیر بکرێن.