ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی هەڵوێست ڕادەگەیەنێت

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیارە لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن هەڵوێستی خۆی رابگەیێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.12.2021 کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای سەرەکی خۆی لە پیرمام کۆدەبێتەوە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا: “دوو کورسی کە مافی یاسایی دوو بەربژێری پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیێنین”.

پارتی پێیوایە، ئەو دوو کورسییەی کە کەمبووەتەوە، مافێکی رەوای خۆیەتی و دراوە بە یەکێتی، لە بەرامبەردا، میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری ئەمین بابەشێخ، گوتەبێژی حیزبەکەیانەوە رایانگەیاند: “دوو كورسییەكەی پارێزگای نەینەوا (بازنەی دوو) و پارێزگای هەولێر (بازنەی سێ) مافی رەوای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن، كە ھەر مافی كوردە لە چوارچێوەی كورسییەكانی كوردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق”.

بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، کە 8 و 10ی ئۆکتۆبەری 2021 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کورد بە 63 کورسییەوە دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

کورسیی لایەنە کوردستانییەکان بەمشێوەیەیە:

-پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی

-لیستی هاوپەیمانیی کوردستان 18 کورسی، (سەرجەم دەرچووەکان یەکێتین)

-نەوەی نوێ 9 کورسی

-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 4 کورسی

-کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 1 کورسی

دوێنێ چوارشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتی و یەکێتی بۆ کۆبوونەوەیان لە ئاستی باڵا، چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوون، دوێنێش کە کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی راگەیاند، چاوەڕێین لەم رۆژانەدا کۆبوونەوەکە بکرێت.

سەعدی پیرە گوتی: “بۆ سەنگی هەرێمی کوردستان، گرنگە کە لە بەغدا یەک تیم و یەکدەنگ بین، بۆیە یەکێتی ئامانجییەتی یەک تیمی هاوبەش لە هەموو لایەنەکان دروستبکرێت بۆ ئەوەی لەبارەی حکومەتی داهاتووی عێراقەوە دانوستاندن بکەن”.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر