چیرۆکی دزە پێکردنی دەنگەکەی بافڵ تاڵەبانی لەکۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندکاران

بوار نیوز، تایبەت
لەدوو رۆژی رابردوودا، دەنگێکی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەمیدیاکان بڵاوکرایەوە. دەنگەکە بەشێوەیەک بڵاوکرایەوە گوایە ئەو دەنگە بەشێوەیەکی نهێنی تۆمارکراوەو پاشان دزەی کردووە بۆ میدیاکان، بەڵام بوار نیوز دوای بەدواداچوونی وردی بۆ چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگەی بافڵ تاڵەبانی لەچەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، خودی بافڵ تاڵەبانی مەبەستی بووە ئەو دەنگەی بڵاوببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بڵاوبوونەوەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە بڵاوبونەوەی ئەو زانیارییانە بافڵ تاڵەبانی نیگەرانکردووە.
ئەو زانیارییانەی بەناوی گۆڕانکاری لەدەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و هەیکەلی مەکتەبی سیاسی بڵاوبونەتەوە لەمیدیاکان بەشێوەیەکی فەڕمی هیچ بڕیارێکیان لەبارەوە نەدراوە، بەڵکو لەچوارچێوەی چەند پێشنیارێکی دیکەدان کە بۆ رێکخستنەوەی یەکێتی نیشتیمانی خراونەتەڕوو.
بافڵ تاڵەبانی، لەکۆبونەوەکەیدا لەگەڵ نوێنەری خوێندکاران باس لەقێزەونی بەشێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی دەکات و وا وێنەیان دەکات کە جەماوەر هێندە رقیان لێیانە ئەگەر بێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن ئەوا خەڵک تەلەفزیۆنەکانیان دەگۆڕن.
بڵاوبوونەوەی دەنگەکەی بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی بەبڵاوبونەوەی هەواڵی گەڕانەوەی چەند سەرکردەیەکی پێشووی یەکێتییە بۆ ناو مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئامانجی بافڵ تاڵەبانی ئەوە بوو پێیان بڵێ ئێوە ڕوی ئەوەتان نەماوە بەرپرسیارێتی گەورە لەناو یەکێتی وەربگرن.
بەشێکی دیکەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی ئاراستەی لالەزار بوو، کە ئەو وەک شێتخانەیەک ناویان دەهێنێت و جارێکی دیکە دووبارەی کۆتایی هاتنی ئەوان دەکات لەناو یەکێتیدا.

ھەواڵی زیاتر