چەند رۆژێکە چەند کەسێکی دەرکراو و جیابووەوە لە حیزبەکانیان، سەرقاڵی کۆبوونەوەن بۆ ڕاگەیاندنی حیزبێکی نوێ، سەرۆکایەتی ئەو حیزبەش لاهور جەنگی بورهان، هاوسەرۆکی دەرکراوی یەکێتی دەیکات.
ئەو کەسانەی بە نیازی دروستکردنی حیزبن دیارترینیان ئەمانەن ( لاهور جەنگی، عەبدوڵای مەلا نوری، یوسف محەمەد، سۆران عومەر و مەسعود عەبدولخالق )، بەپێی زانیارییەکان، بە نیازن لاهور جەنگی بکەن بە سەرۆک و عەبدولای مەلا نوریش بکرێتە جێگر و ئەوانی تریش وەکو ئەنجومەنی سیاسی کار بکەن. بەڵام تائێستا هیچ کەسێکی سنوری بادینانیان لەگەڵ نییە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێ ئەگەریش سەرکەوتووبن، حیزبێکی لۆکاڵی دەربچێت.
هەرچەندە لاهور جەنگی بە ڕەسمی لە یەکێتی دەرکراوە، بەڵام تا ئێستا خۆی بە هاوسەرۆکی یەکێتی دەزانێت، هاوکات کاریش دەکات بۆ دروستکردنی حیزبێک لە ئەگەری بێئومێد بوونی لە یەکێتی.
لاهور جەنگی و ئەو چەند کەسە، ڕۆژانە لە سلێمانی و لە هۆتێل لالەزار کۆبوونەوە دەکەن و پلان دادەڕێژن. بەڵام پێناچێت بتوانن لاهور جەنگی بکەن بە کەسی یەکەم. چونکە بەپێی یاسا کەسانی تۆمەتبار و دەرکراو لە نێو حیزب، ناتوانن حیزبی دیکە دروستبکەن تاوەکو ئەستۆ پاکی نەسەلمێنن.