ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و فەرمانگەی میدیا و زانیارییش دەڵێ:” خستنەڕووی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروسشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بەشێکی کۆبوونەوەکە دەبێت”.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١٠/٢٧ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا، سەبارەت بە هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری رێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان (بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان)، و پڕۆژەی تایبەت بە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناخەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا.

دووەم: خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و رێژەی کوتانی هاووڵاتییان بە ڤاکسین بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سێیەم: خستنەڕووی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروسشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لەم بوارە.

ھەواڵی زیاتر