بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بە بڕی زیاتر لە 178 ملیۆن دینار کارەبا دەگەیێنرێتە گوندی بێگەڵاس لە سنووری قەزای پشدەر.
پرۆژەکە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانییە و بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای راپەڕین جێبەجێبەجێی دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی کارەبای راپەڕین لەسەر بودجەی داهاتی 8٪ی کارەبا بە بڕی 178 ملیۆن دینار كارەبا دەگەیێنێتە گوندی بێگەڵاس لە قەڵادزێ.
وەک بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، پرۆژەكە بریتییە لە گەیاندنی كارەبا بۆ گوندی بێگەڵاس / وێستگەی قەڵادزێ فیدەری 6 بەبڕی 178 ملیۆن و 368 هەزار و 960 دینار جێبەجێدەكرێت.
پرۆژەکەش لەلایەن کۆمپانیای هەسونەوە کارەکانی جێبەجێ دەکرێت و وا بڕیارە لە ماوەی 60 رۆژدا كارەكانی تەواو بكرێت.
گوندی بێگەڵاس یەکێکە لە گوندەکانی قەزای پشدەر و سەر بە شارۆچکەی هەڵشۆیە لە قەزای قەڵادزێی سەر بە پارێزگای سلێمانی. نزیکەی 9 کیلۆمەتر لە قەڵادزێ-وە دوورە و دەکەوێتەسەر سنووری عێراق – ئێران.