شاندێكی پارتی سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات

بڕیاره‌ سبه‌ی شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆی گەڵاڵەكردنی سیاسەتێكی هاوبەش لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بكەن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سبه‌ی شانده‌كه‌ی پارتی لەگەڵ هەریەک لە یەكێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆده‌بێته‌وه‌.

شانده‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و ئه‌ندامێتی هه‌ریه‌ك له‌ مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوته‌بێژی پارتی و هه‌ریه‌ك له‌ عەلی حوسێن، پشتیوان سادق و دڵشاد شه‌هاب ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، مەبەست لە سەردانی ئەو شاندەی پارتی بۆ سلێمانی گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی كارنامەیەكی هاوبەشی کوردستانییە بۆ بەغدا و بڕیاریشە پارتی سەردانی لایەنەکانی دیکەش بکات و لەگەڵ هەریەکی لە یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی کوردستان کۆببێته‌وه‌.

سەردانی شاندی پارتی بۆ سلێمانی دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ شه‌وی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی كۆتایی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی راگه‌یاند و به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌، كه‌ هێشتا له‌ لایه‌ن دادگای ئیتیحادییه‌وه‌ په‌سند نه‌كراون، پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی یه‌كه‌مه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا و توانیویه‌تی 33 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، كۆی گشتیی كورسی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش گه‌یشتووه‌ته‌ 63 كورسی.

k24

ھەواڵی زیاتر