ڕێواس فایەق بۆ گۆڕان: لە قۆناغێكی گرنگدا دەستان بەكاریی سیاسی كرد

رێواس فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان  بە بۆنەی یادیی 11 ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پەیامێك ئاڕاستەی بزوتنەوەكە دەكات و دەڵێت: دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌لومه‌رجێكدا بوو، كه ‌ئۆپۆزسیۆن وه‌ك ته‌واوكه‌رێكی پایه‌ و ستوونه‌كانی دیموكراسی و پێویستییه‌كی قۆناغه‌كه‌ هاتە بوون و ئەزموونی هه‌رێمی کوردستانی گەشاندەوە.

دەقى پەیامەکە:

به‌ڕێز کاک عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، ڕێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

به‌ڕێزان ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

به‌بۆنه‌ی 11 یازده‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی بەڕێزتان و سە‌رجه‌م ئه‌ندامان و هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ده‌كه‌م.

هه‌ر له‌م یاده‌دا سڵاو و دروود بۆ ڕۆحی ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، داینه‌مۆی فیكری و سیاسیی بزوتنه‌وی گۆڕان و خەباتی ڕزگاریخوازی میللەتەکەمان ئە‌نێرین.

دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌لومه‌رجێكدا بوو كه‌ئۆپۆزسیۆن وه‌ك ته‌واوكه‌رێكی پایه‌و ستوونه‌كانی دیموكراسی و پێویستییه‌كی قۆناغه‌كه‌ هاتە بوون و ئەزموونی هه‌رێمی کوردستانی گەشاندەوە.

ئومێده‌وارم ئه‌م یاده‌ ببێته‌مایه‌ی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و قووڵبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورد، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان و زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی كوردستان، پارێزگاریكردن له‌ده‌سكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی، تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ سیاسی و ئابوورییە ناوخۆییە‌ی كه‌به‌رۆكی گرتووین.

دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م، هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم..

د.ڕێواز فایه‌ق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

2020/7/25

ھەواڵی زیاتر